نۆ سەیروسەمەرەی تری ساڵی ٢٠١٩

د. محەمەد عەلی
یەکەم: کەریم شەریف قەرەچەتانی: تەلەبەی خۆم کراوە بەسەرۆکی بەشەکەم! دەبو ئەم قسەیە بومەلەرزەیەک بوایە بۆ ھەمو دامەزراوەی خوێندنی باڵاو زانکۆی سلێمانی، بەڵام وەک ھەمو حەقیقە تاڵەکانی تر، بێ کاریگەری تێپەڕی ! خۆسەپاندنی حیزب بەسەر زانکۆکاندا بەردەوامە. 
دوەم: بارزانی لە کردنەوەی پێشانگای کتێبی ھەولێر، لەڕۆژی ٢٠١٩/٤/٣، ھەڕەشەی کرد کە یەک چرکەی تر چاوەڕێ ناکەن! بەڵام ئەمڕۆ ٢٠١٩/٤/٢٧ یەو حکومەتیش پێکنەھاتوە! دەبێت چرکە لای بارزانی چەندرێژ بێت؟ بەڕاست پێشانگای کتێب پێویستە ئەھلی کتێب بیکاتەوەو وتەی ھەبێت یان سەرۆکی حیزبێک و لەم بۆنە کلتوریەدا، ھەڕەشە بکات؟! 
سێیەم: ئەرێ بەڕاست لیژنەی باڵای فەتوای ھەرێم چ پەیوەندیەکی بە ڤیستیڤاڵی ڕەنگەکانەوە ھەیە؟ ئایا ئەم لیژنەیە لە ھەمو ئەو ناعەدالەتی و ئیھانەیەی بەرامبەر بەرژوەندی گشتی دەکرێت، لەکوێیە؟! یان لەوھەمو کوشتنە بەناھەق و قوربانیانەی کێشە کۆمەڵایەتیەکان بۆ ھەڵوێستی نیە؟! 
چوارەم: ئەندام پەرلەمان پارێزپەندی (حەسانەی ھەیە )، بەڵام عەقڵیەتی نوێی ئەمنی لەسەرۆکایەتی پەرلەمان و حکومەت، بڕیاریانداوە لە شوێنی کارەکەی خۆیان بیانپشکنن! لەھەموی کارەساتتر، کاندیدە زۆر بڵێیەکانی کاتی بانگەشەی ھەڵبژاردن ورتەیان لێوەنایەت! لەم ھەرێمەدا، تەنھا ئەندامانی خێزانە سیاسییە حوکمڕانەکان حەسانەیان ھەیە.
پێنجەم: یەکێتی لەڕابردودا: تێبینی زۆرمان لەسەر یاسای سەرۆکایەتی هەرێم هەیە، بەڵام ئێستا: تەنها بڕگەیەک بۆ یاسایەکە زیاد بکەن بۆئەوەی جێگرێکمان هەبێت. ئەوەی لەکوردستان دەگوزەرێ، یەک زنجیرە درۆی گەورە و ماکیاڤیلەتێکی ساسیی بێمانایە. 
شەشەم: کاندید بۆ سەرۆکی کابینەی داھاتوی حکومەتی ھەرێم ئامۆژگاری بەرپرسانی عێراق دەکات کەداھات زۆرە، بەڵام خراپ ئیدارەدانی ھەیە ! ئەم جورئەتی لەخۆڕازیبون و غرورە وەھمیەش، نمونەی دەگمەنە! باشە ٢٨ ساڵە کێ ئیدارەی کوردستان ئەدات؟ ئەمان خۆیان یان کەسانێک لە مەریخەوە ھاتوون؟
حەوتەم: کوێستان محمد: زیادکردنی جێگری دوەم بۆ سەرۆکی ھەرێم، بارگرانیە بۆ بودجەی ھەرێم! زەحمەت نەبێت سەرۆکی ھەرێم و جێگری یەکەمی بۆ بارگرانی نین؟ ئەوە ساڵ و نیوێکە ئەم دامەزراوەیە نەماوەو دەسەڵاتەکانی دابەشکراوە، چ کاروبارێکی ھەرێم پەکی کەوتوە؟! ئەمە لەکاتێکدایە گۆڕان خۆی داهێنانێکی هاوشێوەی کردوەو بەناوی چاکسازییەوە یاریدەرێکی بۆ سەرۆکی حکومەت زیادکردوە، هەموشمان ئەو ڕاستیە دەزانین کەچاکسازی بەم یاریدەدەرە ناکرێ و جگە لەبەهەدەردانی سامانی گشتی، ئەم پۆستەش هیچ جێگەیەک ناگرێت. ھێزێک کە ستراتیژەکەی بووە دۆزینەوەی پۆست بۆ کەسە نزیەکانی جەماعەتی سەرەوە، بەم دەردەی گۆڕانی گردەکە (نەک بزوتنەوەی گۆڕان) دەچێت. 
ھەشتەم: جوڵانەوەی نەوەی نوێ داھێنەرو ناتەقلیدی بو لە داھێنانی دزێوترین جۆری ھەڕەشەکردن لە ئەندامەکانی. لەم فەزیحە سیاسیی و جێندەرییەدا، ڕێکخراوەکانی ژنان و ئافرەتان و یەکێتی پەرلەمانتارن و داواکاری گشتی لەکوێن؟! ژەھرو ڤایرۆسی حیزبایەتی ھەمو کایەکانی ناشرینکردوە! 
نۆیەم: میللەتی سودان بەیەکێک لەمیللەتە ھەرە ھەژارەکانی دونیا ئەژمار دەکرێت. بەڵام عمر بەشیر خاوەنی ١٣٠ ملیۆن دۆلاربوە (یەک ملیۆن و سێسەدھەزار دەفتەر دۆلار)! سەیرلەوەدایە، ئیسلامی سیاسی بەگشتی نەسیحەتیان ئەوەیە کە ئەم ژیانە ھیچ نیەو پێویستە گرنگی نەدەین بەلەزەتەکانی، بەڵام زۆربەی ھەرەزۆریان ڕێک بە پێچەوانەی ئەم نەسیحەتە ھەرزانەی خۆیانەوە ڕەفتاردەکەن!

27/04/2019



وتارەکانی تری نوسەر