ئاڵتونی ڕەش یان تەنەکەی ژەنگاوی؟

دلێر محەمەد


ئاشکرایە کە دابەشبوونی سامانی نەوتی، بە سەر دانیشتووانی گۆی زەوەی و وڵاتانی دونیادا، یەکێکە لە هەرە نادادپەروەرییەکانی سروشت.

هەڵبەتە کۆبوونەوەی هۆکارەکانی دروست بوون و پێکهێنانی ئەم سامانە لە ژێر زەویدا، بڕیاریان داوە کە ئەم دابەشبوونە بەم جۆرە بێت.

کەواتا ئەو وڵات و میللەتانەی بوون بە خاوەنی ئەم سەروەتە لە ژێر پێیاندا، لە جۆرێك لەو قومار یان تیروپشكانە ئەچێت کە بۆ یەکێک دەردەچێت، بە بێ هیچ پلان و خۆماندووکردنێکی ئەوتۆ. جا ئەو خاوەن بەختە، یان بەرکەوتەکەی خۆی ئەخاتە بەر پڕۆسەی وەبەرهێنانێکی وەهاوە کە هەر لە گەورەبووندا بێت و کەس نەتوانێ، بەر لەو پڕۆسەی بووژاندنەوە و زیادبوونەی بگرێت. بەم کارەش بۆ هەتایە خۆی و میللەتیش بەختەوەر دەکات. یاخود ڕێز لەو بەخت و بەرکەوتە سروشتییە ناگرێت و هەر وەکو "کەری بە پارەی بەفر کڕی بێ ئەدا بە دەم ئاوەوە".

 بەمەش نەک هەر میللەتەکەی خۆی بەختەوەرناکات، بگرە  وەها بەدبەختیان ئەکات کە گەڕانەوەیان بۆ خاڵی سفریش ئەستەم ئەبێت. هەتا ئەم بەشەی ئەم نووسینە، ئەو میللەتانە ئەگرێتەوە کە خۆیان خاوەنی خۆیان و خاوەنی خاکی خۆیان بوون. بەڵام میللەتی کورد، هەر وەکو زۆر لایەنی دیکەی مێژوویی و چارەنووسسازیی و خاکسازیی و نەتەوەسازیی، نموونەیەکی تەواو شازە و کە نە جوگرافییا و نە مێژووەکەی لە هیچ جوگرافیا و مێژووییەکی دیکە ناچێت. کورد تەنها لە خۆی ئەچێت لە هەموو ڕوویەکەوە. بۆ مەسەلەی کورد و خاوەندارێتی سامانی نەوتیش، دیسانەوە هەندێ تایبەتمەندی خۆی هەیە. 

بە کورتی، کوردستانی گەورە خاکێکە، هەمیشە کوردی لە سەر ژیاوە و هەمیشە سامانی نەوتیش لە ژێر ئەم خاکەدا هەبووە. بەڵام کاتێ سامانی نەوتی ئەبێت بە سەرچاوەیەکی گرنگی وزە بۆ مرۆڤایەتی، کورد نە خاوەنی خۆی بووە و نە خاوەنی خاک و سامانی ژێر خاکی خۆیشی بووە. هەر لەو کاتەدا کورد وردە وردە دابەشدەکرێت بە سەر چوار وڵاتدا و سامانی نەوتیشی لایەنی کەم لە سیان لەو وڵاتانەدا لە لایەن داگیرکەرانیانەوە سودی لێ وەردەگیرێت. 
بەم جۆرە بەشێک لە نەوتی کوردستان بەر ئێران و بەشێکی دیاری نەوتەکەشی بەر عێراق و بەشی سێیەمیشی بەر سوریا ئەکەوێت. ئەڵێن سامانی نەوت ئەکرێ نیعمەت بێ و ئەشکرێ ببێ بە نەگبەتیش. لە سەر تیشکی ئەم وتەیە، تۆ تەماشا ئەم داگیرکەرانەی کوردستان بکە، کە چۆن هەمیشە لە جەنگدا بوون دژ بە کورد، بە تایبەتی لە دوای جێگیر بوونی پرۆسەی دابەشبوونەکە و بەرزبوونەوەی داواکاری و ناڕەزایی هەمیشەیی کورد دژ بەو دابەشکارییە. هەر بۆیە نەوتی کوردستان هەمیشە خراوەتە خزمەتی پڕۆسەی پڕچەککردنی داگیرکەرانی، دژی بە خودی کورد خۆی. 

کەواتا ئەگەر دۆزینەوەی نەوت لە هەندێک لە وڵاتان، تاقیکردنەوە بووبێ بۆ دەرخستنی  ئەوەی کە دەستی سەردارانیان ئەمینە و نەوتیش سامانێکە کە بە بەهات ئەشکێتەوە بە سەر خەڵکەکەیدا و بە پێچەوانەشەوە. بەڵام دەبینین لە دۆخی کورددا، نەوت لە سەرەتای دەرکەوتنییەوە، بوو بە مایەی نەهات بۆ میللەتی کورد. هەتا ئێرە خودی میللەتی کورد و سەردارانیان هیچ تاوانێکیان نەبووە لەوەی کە نەوت هەر ماێەی نەهات بووە بۆیان. هەتا ئێرە کورد هەمیشە لە خاڵی سفردا ماوەتەوەوە و شەڕی مانەوەی کردووە و بیری لە لای نەوتی بە تاڵانبراویش نەبووە. 

بەڵام لە هەموو ئەوانە سەیرتر ئەوەیە کە کاتێک کورد لە باشوری کوردستان ئەبێت بە خاوەنی خۆی و خاکی خۆی و سامانی ژێر خاکەکەی خۆشی. لە بری ئەوەی سامانی نەوت لە نەگبەتی و نەهاتی بۆ کورد بگۆڕێت بە بەهات و بەختەوەری، هێندەی دیکە نەگبەتی ئەبارێنێ بە سەر کورددا.  لێرەڕا هەمووان چیرۆکی نەوتەکەی هەرێمی کوردستان ئەزانین.

 سەرەتای ئەم چێرۆکەش بە مەراسیمی ڕەمزیی کردنەوەی قفڵی بۆرییە نەوتەکە لە لایەن تاڵەبانی و بارزانییەوە دەستی پێکرد و بە لێدانی بیر و جانتا ڕەشەکەی ئاشتی هەورامیدا تێپەڕی و بە بەڵێنە پووچەکانی نێچیرڤان بارزانی و عیماد ئەحمەد و دواتریش قوباد تاڵەبانیدا تێپەڕی و تا لە کۆتاییدا لە سەر دەستی مەسروور بارزانی شکستی تەواوەتی خوارد. ئەوەی دەسەڵاتی کوردی لە خاوەندارێتی نەوتدا، بۆی پشت ڕاستکردینەوە ئەیەوەیە کە دەرهێنان و وەبەرهێنانی لە سەر دەستی سەرانی کورد نەک هەر نابێتە مایەی نیعمەت بگرە ڕۆژ بە ڕۆژی نەگبەتی زیاتر بە دوای خۆیدا ئەهێنێت.

ئەڵێین نەوت ئاڵتونی ڕەشە. یەکێکە لە دەستکەوتەکانی دەسەڵاتدارانی کورد لە باشوری کوردستان بۆیان سەلماندین کە نەوت نەک ئاڵتون نیە بگرە تەنها تەنەکەیەکی ژەنگاوییە، بۆیە ئێستا ئاوات بە نەمانی ئەخوازن!


18/04/2024



وتارەکانی تری نوسەر