لەڕاستیدا بۆنەکانی سەری ساڵ و ڤالانتایین و ئەو جۆرە بۆنانە ، بۆنەی هاورەدەکراون و ، هەتا ساڵی نەوەدەکانیش وەک کۆمەڵگای کوردستان ئەو بۆنانە بوونیان نەبوو ، جا لەبەر ئەوەی کورد زاکیرە و هۆشیاری لاوازە و تووشی ئیلزەهایمەر بووە دەرس و پەند لە هیچ وەرناگرێت و بۆ ڕابرووش هیچی لەبیر نەماوە و ، ناشزانێت چۆن یادەکان بکاتەوە لەوانە یادی سەری ساڵ ، ئازیزان : تۆ ئەوە ساڵێک لەتەمەنت دەڕوات !
ئەو هەموو هەراوهۆریا و سەما و گۆرانیەت لەچیە؟! خۆزگە بتوانیبا لاساییەکی فۆتۆکۆپیانەی یادی سەری ساڵی خۆرئاوا و وڵاتە پێشکەوتنەکانتان بکردایەوە !! وەرە ڕۆژی دوای یادی سەری ساڵ بڕۆ بازاڕ لەبەر قووتی بیرە و بیبسی و کێک و خواردن و چەرەزات ناتوانیت بڕۆی و دەبێت شارەوانی دەیان تۆن زبڵ و خاشاک هەڵگرێتەوە !
خۆزگە یادکردنەوەکە دەبۆوە بۆنەیەک بۆ بەخۆداچوونە ، کە هەرگیز کورد بیریشی لێناکاتەوە ! لەڕاستیدا ساڵی 2023 ساڵێکی پڕ لە کارەساتی بوومەلەرزە و لافاو و ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و باڵەخانە و زریان و جەنگ و قەیران بوو ، بۆ هەرێمی کوردستانیش ساڵێکی قورس بوو بۆ خەڵکەکەی لەبەر خەراپی بژێوی و نەبوونی بازاڕ و ، بێکاری کەوتە ناو ماڵان و ، ئەمە جگە لە فراوانبوونی لێکترازانی نێوان حزبەکان لەگەڵ یەکتری و هاوڵاتیش لەگەڵ ئەوان کە متمانەیان نەماوە ، بەداخەوە ئێمە لەکاتێکدا بەروە بیستەی سەدەی « 21» دەڕۆین کە زاست گەیشتۆتە لووتکە و بۆتە «بڕۆمیسۆس»ی سەردەم ، ئەو بڕۆمیسۆسە ئەفسانەیەی گریکەکان کە کەوتەبەر خۆشەویستی مرۆڤ و ، هەوڵیدا بەختەوەریان بکات و ، ئاگری لە خوداوەند دز و دایە مرۆڤ تا ڕێگای خۆیان پێڕووناک بکەنەوە ، کەچی لەو سەدەی بیست و یەکەدا کە زانست چۆتە لووتکە ، بەداخەوە زۆربەی سەرکردەکانمان و خەڵکی کوردستانیش کە ڕەنگدانەوەی یەکترین.
بە عەقلیەتی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو بیردەکەنەوە و مامڵە دەکەن و هەر خەریکی بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی و کەسین و ململانێی نادروست و گفتوگۆی بێزەنتین ، بێئاگان لەوەی کە لە ساڵی نوێ «2024» ترس و نیگەرانیەکی گەورە لە ئاسۆدا بەدیارکەوتووە ، لە جەنگی غەززەدا کە دەرگای جەنگێکی تر بکاتەوە ، وا دەنگی تەپڵی جەنگێک بە گەورەیی دەێت و حزب الله ی لوبنانی هەڕەشە دەکات و حوسیەکان بە دڕۆن و موشەکی بالستی لە بەندەری « ئیلات» ی ئیسرائیل دەدەن و لە دەریای سوور هێرش دەکەنە سەر کەشتیەکان کە ئەمە لێدانە لە شادەماری ئابووری ئەمەریکا و ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەکە.
ئەمە جگە لە هێرشی گروپە چەکدارە شیعەکانئ عێراق بۆسەر بنکەکانی ئەمەریکا ، ئەگەر وڵاتێکی خێرخواز بەهانا نەیەت ، ئیسرائیل دایناوە بیروت وەک غەززە لێبکات گڵبەی ئاگرەکە بگاتە سوریا و یەمەن و عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بەڵام ئایا سەرکردایەتی کورد بیریان لە ئامادەکردنی هیچ سیناریۆیەک کردۆتەوە لە ئەگەری ڕوودانی ئەم جەنگە ؟!! .
ساڵێک دەڕوات و ساڵێکی تر دەستپێدەکات، ئەو زەویە هەر زەویە و ، ئەو خۆرەش هەر خۆرە شتێکی نوێ نیە ، تەنها لە ئاستی لێهاتوویی نەبێت ! لێهاتویی خاپوورکردن و درۆیە ئاشکراکان و گاڵتەجاڕیە بێئەدەبەکان و ، هونەریکردن لە شەیتانیی و لووتبەرزی خوود کە سەیری گەل دەکەن لەکن ئەوان گەل لە ئاستی ئەوان نین ، « هیچ شتێکی نوێ لەژێر خۆردا نیە » تەنها ئەگەر بێت و ڕۆژێک دابێت هەق و دادپەروەری سەربکەوێت ، مادامەکی سەبر و خۆڕاگری و پێداگری و باوەڕبوون بە هەق هەیە.