بڕیارە رۆژی 30ی ئەم مانگە، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقو ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت.
لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندا9040 كاندید ململانێ لەسەر 328 كورسی ئەكەن. لەو ژمارەیە56كورسی بەرچوار پارێزگای كوردستان ئەكەوێت بەم شێوەیە:(سلێمانی18 كورسی، هەولێر 15 كورسی، كەركوك12كورسی، دهۆك 11كورسی). ئەوە بێجگە لەوەی كەچەند كورسییەكی تر بەر ناوچە كوردستانییەكانی تری سەر بەپارێزگاكانی نەینەواو سەڵاحەدینو دیالەو ناوچەكانی تر دەكەوێ.
لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیشدا 713 كاندید شەڕ لەسەر 90 كورسی ئەكەن بەم شێوەیە:( سلێمانی 32 كورسی، هەولێر 30كورسی، دهۆك 28كورسی)و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ئەنجام نادرێت.
هەردوو هەڵبژاردنەكە بە شێوازی سیستمی رێژەیی نیمچە كراوە ئەنجام دەدرێتو هەر دەنگدەرێك دەتوانێ دەنگ بۆ لیستی قەوارەیەكی سیاسیو كاندیدێكی هەمان لیست بدات.
دەنگە بەدەستهاتووەكانی هەر لیستێك ژمارەی كورسییەكانی لیستەكە دیاری دەكاتو دواتر كاندیدەكان بەپێی ژمارەی دەنگەكانیان لە زۆرەوە بۆ كەم ریز بەند دەكرێنو كورسییە بەدەستهاتووەكانی لیستەكە پڕ دەكەنەوە.
ئەوەش وادەخوازێت كە كاندیدەكان بایەخێكی زۆر بەبانگەشەی هەڵبژاردن بدەنو هەوڵی كۆكردنەوەی زۆرترین دەنگ بۆ خۆیانو لیستەكانیان بدەن.
راستە خۆناساندنی كاندیدەكانو روونكردنەوەی پەیامو بەرنامەی خۆیانو لیستەكانیان گرنگە، بەڵام لەوانە گرنگتر بۆ خودی كاندیدەكان ژمارەكانی خۆیانەو دەبێ لەناوی خۆیان زیاتر بایەخی پێ بدەنو بەهەموو شێوەیەك بەدەنگدەرانی ئاشنا بكەن، چونكە رۆژی 30ی نیسان كە دەنگدەران دەچنە سەر سندوقەكانی دەنگدانو هەردوو كارتی دەنگدانی ئەنجومەنی نوێنەرانو ئەنجومەنی پارێزگاكان وەردەگرن لەو كارتانەدا ژمارەو ناوو لۆگۆی قەوارە سیاسییەكانی تێدایە، بەڵام ناوی هیچ كاندیدێكیان لەسەر نییەو تەنها ژمارەكان دانراون. دەنگدەرلەدوای ئەوەی دەنگ بەلیستی دڵخوازی خۆی ئەدات، دەتوانێ دەنگ بەكاندیدێكی هەمان لیست بدات، بەڵام ئەبێ ژمارەی ئەو كاندیدە بزانێت، چونكە لەسەر كارتەكە ناوی كاندیدەكانی لەسەر نییەو تەنها ژمارەكان نوسراوە كەهەر ژمارەیەكیان تەعبیرە لەناوی كاندیدێكی ئەو لیستەی كە دەنگی پێدەدات.
لەبەرئەوە دەبێ كاندیدەكان لەناوی خۆیان زیاتر بایەخ بەژمارەكانیان بدەنو دەنگدەر دەبێ لەكاتی دەنگداندا ناوو ژمارەی لیستەكەو ژمارەی ئەو كاندیدەی لەبەر بێت، چونكە لەسەر كارتەكە تەنها ژمارەو ناوو لۆگۆی لیستەكە هەیەو ناوی كاندیدی لەسەر نییەو تەنها ژمارەكانیان نوسراوەو مامەڵە لەگەڵ ژمارەدا دەكرێت.
و ناوی كاندید لەكاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنو رۆژی دەنگداندا دەگۆڕێت بەژمارە.
لەبەرئەوە ژمارەی كاندید بایەخێكی زۆری هەیەو ناساندنی ئەو ژمارەیە بەباشی دەبێتە مایەی بەدەستهێنانی دەنگی هەوادارانی كاندیدەكەو سەركەوتنی لە پرۆسەكەدا، لەبەرئەوە ئەبێ كاندیدەكان ژمارەكانیان بەشێوەیە بەدەنگدەران ئاشنا بكەن كەلەو ماوەیەدا وابزانن لەفەرمانگەی كاروباری شارستانی ناوی خۆیان بەو ژمارانە گۆڕِیوە!.