بەفەرمی کاتی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن لە هەرێم دیاریکرا

لیژنەی باڵای رووبەڕووبونەوەی كۆرۆنا بڕیاریدا رۆژی یەكشەممەی هەفتەی داهاتوو ٧ی شوبات خوێندن لەسەرجەم قۆناغەكانی دیكە دەست پێبكاتەوە.

 

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنماوانیدا ڕایگەیاند" بەهۆی كەمبوونەوەی تووشبوانی كۆرۆنا، لەڕۆژی یەكشەممە ٧ی ئەم مانگەوە دەرگای قوتابخانە و خوێندنگەكان دەكرێنەوە".

 

وتیشی" لە ٢٣ی شوبات جارێكی تر هەڵسەنگاندن دەكرێتەوە بۆ دۆخی تەندروستی، ئەگەر دۆخەكە باش بوو ئەوا پڕۆسەی خوێندن بەردەوام دەبێت، بەڵام ئەگەر دۆخی تەندروستی خراپ بێت ئەوا بڕیاری پێویست دەدات تا جارێكی تری داخستنی قوتابخانەكان".

 

وەزیری پەروەردەی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، لە ٦ی شوبات ئیدارە و مامۆستایانی قوتابخانە دەچنەوە ناوەندەكانی خوێندن بۆ ئەوەی خشتەی دەوامكردن دابنێن، شێوازی دەوامیش بەشێوەی تەناوبی سێ ڕۆژ دەبێت بۆ ناو شارەكان و بۆ قوتابخانەكانی دەرەوەی شارەكانیش، كە خوێندكاریان كەمە سێ ڕۆژ بەسەر یەكەوە دەوام دەكەن، فرۆشگاكانیش دەكرێنەوە. 



PM:05:26:03/02/2021