لاهور شێخ جهنگی هاوسهرۆكی یهكێتیی نیشتمانیی كوردستان بهبۆنهی پهسهندكردنی بودجهی گشتیی عێراق و جێگیركردنی پشكی كورد له پڕۆژهیاسای بودجهدا پهیامێكی بڵاوکردەوەو رایگەیاند" كه چهسپاندنی پشكی ههرێم له بودجه سهرهتایهكی گرنگه بۆ ڕاستكردنهوهی پهیوهندییهكانی نێوان حكومهتی ههرێم و حكومهتی فیدراڵ و چارهسهركردنی كێشه ههڵپهسێردراوهكانی نێوان ههردوولا، له ناویشیدا دابینكردنی مووچهی مووچهخۆرانی ههرێم به بێ لێبڕین".
دەقی پەیامەكەی هاوسەرۆكی یەكێتی:
پەیامی هاوسەرۆك لاهور شێخ جەنگی بە بۆنەی پەسەندكردنی بودجەی گشتیی عێراق و جێگیركردنی پشكی كورد لە پڕۆژەیاسای بودجەدا
دوای هەوڵ و فشارێكی زۆر، سەرئەنجام ماندوبوونەكانمان گەیشتە ئەنجام و توانرا پشكی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ جێگیر بكرێت. ئەم هەنگاوە سەرەتایەكی گرنگە بۆ ڕاستكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ، چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردوولا، لە ناویشیدا دابینكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە بێ لێبڕین و ڕزگاركردنی هاووڵاتییان لە برسێتی و نەهامەتی، كە ماوەیەكی زۆرە لە چاوەڕوانی ئاسۆیەكی گەشدا ماونەتەوە. ئەم دەستكەوتە دیاری و چەپكە گوڵی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانە كە پێشكەش بە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانی دەكات.
لێرەوە دەمەوێت سوپاسی تیمی دانووستانی حكومەتی هەرێم و فراكسیۆنی سەوز و ئەندامانی كورد لە لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بكەم بۆ پشوودرێژی و هەوڵە بەردەوامەكانیان و گەیشتن بە ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا. هەروەها بە تایبەتی سوپاسی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان دەكەم كە هاوڕا لەگەڵ ئێمه، بەردەوام جەختیان لەوە كردووەتەوه كە لە پێناو بەرژەوەندیی باڵای میللەتەكەمان، تاكه چارەسەر ئەوەیه هەردوولا ڕێكبكەون. سوپاسی هەموو ئەو هێز و لایەنە سیاسییانەی عێراقیش دەكەم كە پشتیوان و هاوكارمان بوون لە جێگیركردنی پشكی هەرێمی كوردستان. هیوادارین حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ، هەردوولا پابەندبن بە ڕێككەوتنی نێوانیان وەك ئەوەی كە لە پڕۆژەیاساكەدا جێگیر كراوە و دەنگی لەسەر دراوە و پارێزەری ماف و بەرژەوەندییەكانی گەلانی كوردستان و عێراقه.