" شاندی ھەرێم ھیچ سەرکەوتنێکیان نیەو ئامادەنین ڕاستی بە خەڵک بڵێن "

 

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت " شاندی ھەرێم کەوتونەتە ھەڵەوەو ھیچ سەرکەوتێکیش نیەو ئامادەنین ڕاستی وەک خۆی بە خەڵک بڵێن".

عەلی حەمە ساڵح ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغداوە لە پۆستێکدا دەڵێت " خاڵی سەرەکی ئەو رێککەوتنە ئەوەیە کارتێکی یاسای لەدەست ھەرێمی کوردستانە کە بۆی ھەیە نەوت بفرۆشێت، "نەک خەم و پلان ئەوە بێت پارە بێت بۆ موچەو پاشەکەوت لابدات".

ئەو پەرلەمانتارە نووسیوویەتی" ئەگەر بودجەی عێراق وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، پشکی ھەرێمی کوردستان 9.8 ترلیۆن دینارە، مانگانە نزیکەی 816 (هەشسەدو شانزە) ملیار دەکات و لە بەرامبەردا دەبێت هەرێم پارەی 250 ھەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە نرخی سۆمۆ بدات لەگەڵ نیوەی داھاتە فیدڕاڵیەکان کە بە نزیکەی 90 ملیار دەخەمڵێنرێت.

عەلی حەمەساڵح، لە درێژەی پۆستەکەیدا دەڵێت " دانەوەی قەرزی بانکە بازرگانیەکان لە حەوت ساڵدا لە ئەستۆی هەرێمە و دەڵێت، "بەپێی زانیاریەکانی من نزیکەی پێنج ترلیۆنە و مانگانە دەبێت ھەرێم 59 ملیار دینار بدات، واتا دەبێت ھەرێم نزیکەی ھەمان بڕ بداتە عێراق، بەوەش ھەرێمی ھیچ بڕە پارەیەکی ئەوتۆی بۆ نایەت". 

رونیشیکردەوە، تەنانەت ئەگەر پشکی ھەرێم لە حسابکردندا بەھۆی گۆڕانکاری لە نرخی نەوت یان ھەر ھۆکارێکی دیکە زیاتر بو، بۆ ئەوەی ھیچ بڕە پارەیەک بۆ ھەرێم نەنێرن، لایەنی عێراق ئەمە ناودەنێن "مەقاسە" سەرۆکی لیژنەی دارایی بەڕونی وتویەتی،  مەقاسە نەما، بۆیە دەکرا لە بەرامبەر پشکی ھەرێم پیداگیری لەسەر ڕادەستکردنی 250 ھەزار بەرمیل نەوت کرابا. 

لەبارەی لابردنی بڕیاری پاشەکەوتکردنی موچەی فەرمانبەران، عەلی حەمەساڵح دەڵێت، "یەک خاڵ بەلای ئەوانەی بڕیاردەری سیاسەتی نەوتن گرنگ بو، کارتێکی یاساییان بەدەستەوە بێت کە ھەرێم بۆی ھەیە نەوتی خۆی بفرۆشێت، ئەم کارتەیان لە بودجەی ئەم ساڵ دەستکەوت، بەم یاسای بودجە من وای نابینم ھیچ بڕە پارەیەک بۆ موچەی فەرمانبەران بێت، بەم فۆڕمە لە بەڕێوەبردنیش ئەم مانگەو مانگی دواتریش لێبڕین بەردەوام دەبێت".

عەلی حەمە ساڵح جەخت لەسەر چاکسازی وەک چارەسەر دەکاتەوەو دەڵێت " لەبارەی چارەسەری بەردەم هەرێم بۆ روبەڕبونەوەی قەیرانی دارایی نوسیویەتی، "چارەسەر چاکسازیە لە دۆسیەی نەوت و خاڵی سنوری و جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە موچەو دۆسیەی باج، بە داخەوەم لە پاڵ ئەو ھەمو سەردانەی لە بەغدا کرا، بە ئیرادەوە ھەوڵێکی جدی چاکسازی درابا، ئێستا دۆخەکە شتێکی تر بوو".



AM:09:46:02/04/2021