بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی هۆشدارى له‌بارەی مەترسی کەمئاوی بەنداوەکانی هەرێم دەدات

بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت" بەهۆی کەمبارانیی ئەمساڵ، ئاستی ئاو لە هەردوو بەنداوی دوکان و دەربەندیخان زۆر کەمە و لەهەر وێستگەیەکیش تەنها یەک تۆڕبایین کاری پێدەکرێت". 

بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە پێی ئەو بڕە ئاوەی کە ئێستا هەیە لە بەنداوەکانی کوردستان، بەنداوی دوکان 14 مەتر لە ئاستی پڕبوونی خۆی دابەزیوە و بەنداوی دەربندیخانش 18 مەتر، لە کاتێکدا هەموومان لە بیرمانە ساڵی 2019 هەردوو بەنداوی ناو براو لەم وەرزەدا تەواو پڕ ببوون و ژمارەیەکی زۆری تۆرباینەکانی وێستگەکانمان ئیش پێدەکرد و ئاستی ئاوی بەنداوەکان لە لوتکەدا بوون. 

بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌" هاتووە کە بەهۆی گۆڕینی ڕێڕەوی ئەو سەرچاوانەی ئاو کە دەهاتنە ناو هەردوو بەنداوەکە ڕێژەی هاتنی ئاو کەمی کردووە و ئەمەش مەترسیەکی گەورەیە لەسەر ئاوی هەردوو بەنداو، کەمبارانی ئەم ساڵ تەواو نزیکی کردینەوە لە مەترسی کەمی ئاوی". 

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا باس له‌وه‌ش كراوه‌، ئەگەر ساڵی داهاتوو ڕێژەی باران بارین هاوشێوەی ئەم ساڵ بێت و گرنگی پێنەدرێت هەمووان گرفتار دەبین و ئاومان نابێت، ئەمە ئەو گرفتەیە کە دەبێت گرنگی پێبدرێت و حکومەت و لایەنەکان بیکەنە دیالۆغ و گەڕان بەشوێن چارەسەردا وه‌ك ئه‌گه‌رێك له‌به‌رچاوبگیرێت و له‌ ئێستاوه‌ پلانى بۆ دابنرێت.

هه‌روه‌ها لەبەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا داوا لە حکومەت و وەزارەتەکان و پارێزگاری سلێمانی دەکات، گرنگی بە بابەتەکە بدەن و پلانی ساڵی داهاتوو لە ئێستەوە دابنێن لەسەر هەمان ڕێژەی باران بارینی ئەمساڵ وەکو خۆئامادە کردن و چارەسەر دۆزینەوە بۆ ساڵی داهاتوو.

داوا لە وەزارەتى کارەباش دەکات لە ڕێگەی کۆنترۆڵی کارەبای هەرێمەوە بەکارهێنان و ئیشپێکردنی یەکەکانی ( تۆرباینەکانی ) هەردوو وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای دوکان و دەربەندیخان لە ستراتیجی بەرهەمهێنانی کارەباوە بگۆڕن بە ستراتیجی گلدانەوەی ئاو، واتە کاتی ئیشپێکردنی یەکەکان بگونجێنن لەگەڵ پێداویستیی ئاوی شاری سلێمانی و دەوروبەری و ناوچەی گەرمیان.


PM:05:15:21/04/2021