پێشنیوەرۆی ئەمڕۆ شەممە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ناوچەی شارباژێڕیان لە باکوری پارێزگای سلێمانی بۆردومان کرد.
لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، کامەران حەسەن قائیمقامی قەزای ماوەت رایگەیاند " کاتژمێر ١٠ و ١٠ خولەکی سەرلەبەیانی شاخی ئاسۆس لە ھەردوو شوێنی خڕۆڵی کانی کنێر و کەڵکی شیلانان لە سنوری گوندی گەڵاڵەی قەزای ماوەت لە لایەن فڕۆکەی جەنگیەوە بۆردومانکران."
لە درێژەی لێدوانەکەیدا دەڵێت" "پێدەچێت بۆردومانەکە لەلایەن تورکیاوە کرابێت."
قائیمقامی قەزای ماوەت وردەکاری زیاتر دەدات و دەڵێت "ھەرچەندە ئەو دوو شوێنە جێگەی رەز و باخی ھاوڵاتیانی گوندی گەڵاڵەن، بەڵام بۆردومانەکە زیانی گیانی و ماددی نەبووە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کاتی بۆردومانەکە چەند جوتیارێکی گوندی گەڵاڵە لە شوێنی بۆردومانەکە بوون و ئەوانیش سەلامەتن.
لە مانگی ٨ی ساڵی رابردووشدا، فڕۆکەکانی تورکیا بۆردومانی چەند گوندێکی سنوری شارباژێڕیان کرد و بەوهۆیەوە، کەسێک شەهید بوو و شەش ئەندامی خێزانێکیش برینداربوون.