ناوه‌ڕۆكی كۆبونه‌وه‌ی نێوان قوباد تاڵەبانی و مسته‌فا كازمی بڵاوكرایەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق و شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ئێوارە ئەمڕۆ لەبەغدا کۆبوونەوە، لەکۆبوونەوەکەدا هەردوولا پابەندبوونی خۆیان بەجێبەجێکردنی یاسای بودجە دووپاتکردوەتەوە.

قوباد تاڵه‌بانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك نوسیویه‌تی" له‌گه‌ڵ مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، له‌باره‌ی دوا پێشهاتی په‌یوه‌ندییه‌كانی ھه‌‌ردو حكومه‌تی هه‌رێم و فیدراڵ گفتوگۆمان كرد، به‌تایبه‌ت میكانیزمی جێبه‌جێكردنی یاسای بودجه‌ی 2021 ی عێراق و ده‌سته‌به‌ركردنی شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم".

ئاماژەی بەوەشکردوە، جارێکیتر ھە‌ردوولامان پابەندیمان بە یاسای بودجە دووپاتکردەوە لە پێناو چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکە بووەکان لەسەر بنەمای یاساو دەستوور و بۆ دروستکردنی لێکگەیشتنی درێژخایەن و بەردەوام. 

لەلایەکی تریشەوە، هەر ئەمڕۆ شاندی باڵای حكومەتی هەرێم لە بەغداد لەگەڵ دەستەی سیاسی ڕەوتی سەدر كۆبووەوە و لەکۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەى پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کرا و جێگرى سەرۆکی ئەنجومەنى وەزیران سوپاسیکردن کە لەکاتی پەسەندکردنی بودجەى ساڵى 2021ى فیدراڵی هاوکاربوون تا لەگەڵ لایەنەکان و لەناو ئەنجومەنى نوێنەرانی عێراقدا ڕێکەوتن بکرێت لەبارەى یاساى بودجە،

قوباد تاڵەبانی وتیشی" کێشەى بەغداد کێشەى ئێمەشە و بێگومان کێشەى هەرێمی کوردستانیش کێشەى عێراقە، بۆیە دەبێ هەوڵبدەین کێشەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان پێکەوە چارەسەربکەین". 


PM:08:00:02/06/2021