بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، کەموکوڕی گەورەی وەزارەتی تەندروستی و حکومەتی هەرێم بەرامبەر نەخۆشخانەی هیوای شێرپەنجە لە سلێمانی دەردەبڕێت کە سێ رۆژە بەرامبەر کەموکوڕیەکانی حکومەت، خۆپیشاندان دەکەن.
د. سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند " شەش مانگە حکومەتی هەرێم پارەی تەرخانکراوی دەرمانی نەخۆشخانەی هیوای سەرف نەکردووە".
هەروەها وتیشی " هەتا ئەو کاتەی پارەی سلێمانی بەکاردەهات بۆ نەخۆشخانەکانی هەولێر و دهۆک، پارەی دەرمان بە تەواوی دەدرا، بەڵام کاتێک بریاردرا پارەی بانکی سلێمانی تەنها بۆ نەخۆشخانەکانی سلێمانی بەکاربێت ، بریاردرا پارەی کۆمپانیاکان بکەنە تەنها ٢%".
ئەو لە درێژەی ئاشکراکردنی ئەو دۆخەی مرۆیەی نەخۆشەکان تیایدا دەژین، وتی " نەخۆش هەیە لەم هەفتەیەدا (٢٠) ملیۆن دیناری داوە بە دەرمان بە تەنها بۆ ٢١ ڕۆژ" .
ئەو زیاتری خستەڕوو وتی "خێزان هەیە لەم هەفتەیەدا سەیارەکەی فرۆشتووە بۆ دەرمانی شێرپەنجە بەڵام بەشی پێداویستی نەخۆشەکەی نەکردووە".
لە مەترسیترین زانیاریدا کە بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ئاشکرای کرد، دەڵێت " هەموو کۆمپانیاکانی دەرمان هێنانی دەرمانیان بۆ نەخۆشخانەی هیوا ڕاگرتووە".