وەزارەتی تەندروستی هەرێم لەسەر کەیسی نەخۆشخانەی هیوا ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

د. ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردساتان ڕایدەگەیەنێت" سەبارەت بەو هەواڵ و پڕوپاگەندانەی لەمڕۆژانەدا بڵاوبوونەتەوە كە گوایە نەخۆشخانەی هیوا لە شاری سلێمانی دادەخرێت یان فرۆشراوە و دەدرێت بە كەرتی تایبەت، كە بەداخەوە بووەتە هۆی دەستكردن بە چەواشەكاری و موزایەدەكردن و بۆیە بە پێویستی دەزانین بە ڕای گشتی بگەیەنین كە ئەم دەنگۆیانە رەتدەكەینەوە".

دەقی ڕاگەیەندراوەكە:

سەبارەت بەو هەواڵ و پڕوپاگەندانەی لەمڕۆژانەدا بڵاوبوونەتەوە كە گوایە نەخۆشخانەی هیوا لە شاری سلێمانی دادەخرێت یان فرۆشراوە و دەدرێت بە كەرتی تایبەت، كە بەداخەوە بووەتە هۆی دەستكردن بە چەواشەكاری و موزایەدەكردن.

بۆیە بە پێویستی دەزانین بە ڕای گشتی بگەیەنین كە ئەم دەنگۆیانە رەتدەكەینەوە چونكە هیچ بنەمایەكی نیە و دوورە لە ڕاستی، بەڵكو بەپێچەوانەوە لە نەخۆشخانەی هیوا و هەموو نەخۆشخانە و سەنتەرەكانی شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستان، تەواوی خزمەتكردنی نەخۆش بەخۆڕاییە و لەڕوانگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی تەندروستی ئەم نەخۆشخانانە هەردەم جێگای بایەخ و گرنگیپێدان بوونە و تەواوی پاڵپشتی و ئاسانكاریان بۆ دەكرێت و چەندین پڕۆژەی دروستكردن و فراوانكردن و دابینكردنی ئامێر و پێداوستییەكان لە بواری جێبەجێكردندان، ئەمە وێڕای دابینكردنی دەرمان و چارەسەری تیشكیی و نەشتەرگەری و خزمەتگوزاریە جۆراوجۆرەكان كە تێچوویان مانگانە چەندین ملیار دینارە.

بۆیە جارێكی تر وێڕای ڕەتكردنەوەی ئەم هەواڵ و دەنگۆیانە و رەتكردنەوەی هەر بیرۆكە و هەوڵێكی لەو جۆرە كە بەداخەوە چەندین كەس و لایەن دەستیان بە موزایەدەكردن كردووە، لەهەمانكاتدا هاووڵاتیان و پزیشكان و كارمەندانی نەخۆشخانەی هیوا و هەموو سەنتەرەكانی دیكەی شێرپەنجە دڵنیادەكەینەوە كە بە پاڵپشتی سەرۆكی حكومەت و ئەنجومەنی وەزیران و هەماهەنگی وەزارەتی دارایی، هەر كێشە و كەموكورتی و پێداویستیەكیان وەكو خەرجكردنی بودجەی (بەدەل عیادە) بەپێی پێویستیان و هاوسەنگی دابەشكردن لەسەر بنەمای یەكسانی و پابەندبوون بە ڕێنماییەكانی چاكسازی و هەمواركراو چارەسەر دەكرێت، هەروەها هەموو پاڵپشتی و ئاسانكاریەك دەكەین بۆ كۆمپانیاكانی دابینكەر بۆ وەرگرتنی شایستەكانیان لە وەزارەتی دارایی لەپێناو بەردەوامبوونی دابینكردنی دەرمان و پێداویستی پزیشكی بۆ تووشبووانی شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستان.

د. ئاسۆ حەوێزی

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی

١٩ حوزەیران ٢٠٢١


PM:12:00:19/06/2021