حکومەتی عێراق وادەی ناردنی ٢٠٠ ملیارەکەى بۆ هەرێم ئاشکراکرد

وتەبێژی حکومەتی عێراق ئاشکرای دەکات" ناردنی ٢٠٠ ملیار دینار بۆ مووچەخۆرانی هەرێم بڕیاری لەسەر دراوە وەک سولفەیەک بنێردرێت". 

ئەمشەو حەسەن نازم، وتەبێژی حکومەتی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" ناردنی ٢٠٠ ملیارەکەی بەغداد بۆ هەرێمی کوردستان بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانە، سولفەیەکە بۆ پێدانی مووچە لە کوردستان". 

وتیشی" ئەم سولفەیە دواتر لەنێو پشکی هەرێمی کوردستان چارەسەر دەکرێت، ئەمە رێککەوتنی لەسەرکراوە، بەڵام کەی خەرج دەکرێت ئەمە بابەتێکی تەکنیکییە".

لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا وتەبێژەکەی حکومەت عێراق جەختیشیکردەوە، بەدڵنییایەوە بەمنزیکانە دەبێت، کاری تەکنیکی ماوە بۆ دابینکردن و ناردنی ئەو پارەیە بۆ کوردستان. 

وتیشی" گرنگە ئاماژە بەوە بدەین کاتێک ئەنجوومەنی وەزیران بە لایەنی مرۆیی ئەو بڕیارەی داوە، زۆربەی فەرمانبەرانی عێراقی لە کوردستان چەند مانگێکە مووچەیان وەرنەگرتووە، بۆیە ئێمە بەرپرسین لە دابینکردنی ئەو پارەیە بۆیان".  


PM:11:17:22/06/2021