پەرلەمانتارێك: هاتنی ٢٠٠ ملیارەکە بۆ هەرێم ڕاست نیە و رێككەوتنی بەغداش بۆ مووچە نەبوو

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت" سەرەڕای بەرزبونەوەی داهاتی نەوت، داهاتی ناوخۆ  و دابەزاندنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار، بەڵام حکومەت بڕیاری لێبڕینی موچەی وەک خۆی هێشتوەتەوە و لەم کاتەدا هیچ ئاماژەیەک نیە بۆ چاکبون". 

عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان لەنوسینێکدا کە لەپەیجی تایبەتی خۆی لەفەیسبوک بڵاویکردوەتەوە باس لەوە دەکات، پارساڵ ئەم کاتە، کە بڕیاری لێبڕین درا وتیان بۆ یەک مانگە و ئەوکات نرخی نەوت زۆر نزم بو، دۆلاریشیان بە 120000 (سەد و بیست) ھەزار دینار دەگۆڕیەوە. بەڵام ئێستا گومرگ و فرۆشتنی نەوت بەدۆلارە و نرخی نەوت لە ئاستێکی بەرزدایە (برێنت 76 دۆلارە) و دۆلاریش بوە بە 147000 (سەد و چل و حەوت) ھەزار، خۆشیان باسیان لەوە کردوە چاکسازی کراوە (من ھیچ چاکسازییەکی ڕیشەیی نابینم). 

ئاماژەی بەوەشکردوە" ئەو پارەی لەماوەی ساڵی ڕابردو لە موچەخۆر بڕدڕاوە، نەکراوە بە قەرزو پاشەکەوت، بەڵکو بەناوی خۆگونجاندن  بردراوەو تەواو بۆ ھیچ فەرمانبەرێک لەسەر حکومەت وک قەرزو پاشەکەوت ئەژمار نەکراوە کە بڕەکەی 2298000000000 (دو ترلیۆن و دوسەد و نەوەد و هەشت) ملیار دینار دەکات، ئەمەش بەھیچ شێوەیەک یاسایی نیە  و ئێستا بیانو بۆ لێبڕێن و بردنی بەشێک لە موچە نەماوە".

ئەو پەرلەمانتارە لەبارەی لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەتیش دەڵێت" پارتی ئاوا حوکمڕانی دەکات کە دەیەوێت بەڵام گۆڕان و یەکێتی ڕایانگەیاند بۆ یەک مانگە و سەرباری باشبونی دۆخی دارایی وگرانبونی نەوت ھیچ ئاماژەیەک نیە بۆ چاکبون!، هەروەها بەرزترین دەسەڵاتی نەوت سەرۆکی حکومەت و وەزیری سامانەسروشتیەکان نیە، ئەنجومەنی ھەرێمی نەوت و گازە کە یەکێتی و گۆڕان تێیدا زۆرینەن و سێ  ئەندامیان ھەیە،  ناکرێت بڵێن: حەقی داھاتی نەوتمان نیە و ھەموی لای پارتیە، بەکام یاسا لای پارتیە جگە لەوەی ئێوە بۆتان جێھێشتون".


PM:02:05:26/06/2021