بانکی ناوەندی عێراق بۆدابەزاندنی بەهای دۆلار هەنگاوێکی نوێ ده‌گرێته‌به‌ر

بانکی ناوەندی عێراق ڕێژەی فرۆشتنی دۆلاری بۆ ٢٣٧ ملیۆن زیادکرد بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی. 

بانکی ناوەندی عێراق لە کڕین و فرۆشتنی دراوە بیانییەکان ئەمڕۆ سێشەممە ژمارەیەکی پێوانەی تۆمارکرد، بەشێوەیەک بڕی فرۆشتن گەیشتە (٩.٢٢٪)،هاوکات بڕی ٢٣٧ ملیۆن و ٩٦٨ هەزار دۆلاری ئەمریکی خستە نێو بازاڕەکان. 

بانکی ناوەندی عێراق، ئەمڕۆ بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە هەزار و ٤٦٠ دیناری عێراقی فرۆشت، کە ئەمەش بووە هۆی دابەزاندنی نرخی دۆلار و بەرزبوونەوەی بەهای دینار.

ئەمڕۆ سێ شەممە، نرخی دۆلار دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی لەبازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی بەغدا ١٠٠ دۆلار بە ١٤٦ هەزارو ٨٠٠ دینار مامەڵەی پێوەکرا، بەڵام لە بازاڕه‌كانی هه‌رێم نرخی ١٠٠ دۆلار بەرامبەر بە دینار بە ١٤٧ هەزارو ١٠٠ دینار بوو. 


PM:04:47:29/06/2021