هۆکاری نەناردنی ٢٠٠ ملیارەکەی بەغدا بۆ هەرێم ئاشکرا دەکرێت

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی نەناردنی ٢٠٠ ملیارەکەی هەرێم لەلایەن بەغداوە دەڵێت" وەزیری دارایی ترسی هەیە ئەگەر ئەو پارەیەی هەرێم بنێرێت ئەوە لێپرسینەوەی لێ دەکرێت".
 
لە لێدوانێکدا بۆ میدیای حیزبەکەی، بەختیار شاوەیس، وتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی رایگەیاندووە" ڕێگریکردن لە ناردنی ٢٠٠ ملیار دینارەکەی هەرێم پەیوەندی بە یاسای قەرزەوە هەیە".

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت نە ناردنی "هیچ پەیوەندی بە ڕێککەوتنی هەرێم و بەغداوە نییە، چونکە لە ڕێککەوتنەکەدا باسی ئەو پارەیە نەکراوە."  

  شاوەیس کە بە میدیای حیزبەکەی راگەیاندووە" ئەگەر بەغدا ئەو پارەیە بۆ هەرێم بنێرێت ئەوە پارێزگاکانی تر داوای دەکەن، بۆیە وەزیری دارایی ترسی هەیە ئەگەر پارەکە بنێرێت لێپرسینەوەی لێ بکرێت". 

جەختیشی کردەوە کە هۆکاری نەناردنی پارەکە تەنها وەزیری دارایی نییە.  

ئەوە لە کاتێکدایە، هەفتەی ڕابردوو وتەبێژی حکومەتی عێراق جەختی کردەوە کە بەمزوانە ٢٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرن وەک سولفەیەک.  



PM:10:56:29/06/2021