ئەندامێکی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتی پەیامێکی لەبارەی كێشەی هاوسەرۆكەكانەوە بڵاوکردەوە

ئەندامێکی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی نیشتیمانی کوردستان رایدەگەیەنێت" خەڵك، جەماوەر و ئەندامانی یەکێتی داوا دەکەن كێشەكان لەڕێگای دەزگاكانی حزب و بەشێوەیەكی ئاشتیانە چارەسەر بکرێن". 

عومەر شێخموس، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی پەیامێکی لەبارەی کێشە ناوخۆییەکانی نێو یەکێتی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند" هەموو خەڵك، جەماوەر، ئەندامان، كادران و پێشمەرگەی (یه‌كێتی) داوا دەكەن كە كێشەكان لە ڕێگای دەزگاكانی حزبی، دیالۆگ و بەشێوەیەكی ئاشتیانە و عاقڵانە چارەسەر بكرێن". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، وەكو ئەندامێكی دەستەی دامەزرێنەری (یه‌كێتی) تكا لە هەموو لایەنی پەیوەندیدار دەكەم كە بەزوترین كات كۆتایی بەم رەوشە بهێنن و رێگای هاوكاری‌ و بەیەكەوە کار کردن هەڵبژێرن.

ئێوارەی دوێنێ دووشەممە میدیای فەرمی یەکێتی چەند لێدوانێکی بەناوی سەرچاوەی ڕەسمی یەکێتی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە" لاھور شێخ جەنگی تۆمەتبارە بە داڵدەدانی تاوانباران و تێوەگلاوان لەکەیسی گەندەڵی ھەمە جۆر کە دادگا بەرەسمی داوای کردوون".

لاهور شێخ جەنگى هاوسەرۆکی یەکێتی دوێنێ دووشەممە لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند" دوای نائومێدبوونىم لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتى بڕیاریداوە پەنابەرێت بۆ بەردەم دادگای سلێمانی و داوا بکاتەم کە هەموو ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵم لە ڕێگەی دادگاوە یەکلایی بکرێتەوە". 

ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا پێم ڕاگەیەندراوە کوردستان بە جێبهێڵم، بە پێچەوانەوە وادیارە بڕیاریانداوە بە زەبری هێزی حکومی هەڵبکوتنە سەر ماڵەکەم لە کوردستان دوورم بخەنەوە، هەر بۆیە بڕیارم داوە کە وەک کۆڵەکەیەک ڕووبەڕووی ئەم پیلانگێڕییە ببمەوە و تا دوا هەناسەم میللەتەکەی خۆم بە جێنەهێڵم. 


AM:09:41:03/08/2021