لاهور شێخ جەنگی: ئەو لایەنانەی بەرپرس بوون لە جینۆسایدكردنی شنگالیەكان ڕووبەڕووی دادگا بكرێنەوە

لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان لەیادی کارەساتی جینۆسایدکردنی ئێزیدییەکان لە شەنگال پەیامێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند" لەم ڕۆژەدا بەڵێن دووپات دەكەینەوە بۆ پشتیوانیكردن و هاوكاریكردنی ئێزدییەكان و خەڵكی شنگال و گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان، هاوكات داوا لە حكومەتی فیدراڵی عێراق دەكەین كە قەرەبووی مادی و مەعنەوییان بكاتەوە و ناوچەكە ئاوەدان بكرێتەوە و كاری جدی بكرێت بۆ دۆزینەوەی بێسەروشوێنەكان و ڕزگاركردنی رفێندراوان و چیتر ڕێگە نەدرێت بەهۆی ململانێكانەوە شنگال بە ناسەقامگیری بمێنێتەوە و خەڵكی ڕەسەن و دڵسۆزی ناوچەكەش پشكی گەورەیان پێبدرێت لەناو هێزە ئەمنییەكاندا بۆ پاراستنی شنگال، هاوكات داوا دەكەین، ئەو كەس و لایەنانەی بەرپرس بوون لە ڕوودانی كارەسات و جینۆسایدكردنی شنگالیەكان، ڕووبەڕووی دادگا بكرێنەوە". 

دەقی ڕاگەیەندراوەكە:

حەوت ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژێكی وەكو ئەمڕۆدا، لەسەر لوتكەی بەرزترین چیاكانی كوردستان، گوڵی شنگال هەڵوەرێنرا، سەدان هەزار منداڵ و كچ و گەنج و پیری ئێزدی لە شنگال كەوتنە بەر شاڵاو و پەلاماری چەكدارە تیرۆریستە دڕندەكانی داعش و جینۆساید كران، كە بۆ هەمیشە بە ڕۆژێكی ڕەش لە مێژووی پڕ قوربانیی ناوچەكەدا دەمێنێتەوە و خەم و ئازار و برینی قووڵی ئەو تاوانەش لە دڵ و دەروونی هەموو شنگالییەكان و خەڵكی كوردستان و ئازادیخوازانی جیهان بە ئاسانی ساڕێژ نابێت.

ئەمڕۆ، كە ساڵیادی كارەساتی شنگال دەكەینەوە بە نیگەرانییەكی زۆرەوە بەشێكی زۆر لە خوشك و برا ئێزدییەكانمان، لە ئاوارەیی و دەربەدەری و كامپەكاندا ژیانێكی پر لە ئازار بە ڕێ دەكەن و ناوچەكەشیان بەهۆی ململانێی نێوخۆیی و دەرەكییەوە، سەقامگیری بۆ نەگەڕێندراوەتەوە.

لەم ڕۆژەدا بەڵێن دووپات دەكەینەوە بۆ پشتیوانیكردن و هاوكاریكردنی ئێزدییەكان و خەڵكی شنگال و گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان. هاوكات داوا لە حكومەتی فیدراڵی عێراق دەكەین كە قەرەبووی مادی و مەعنەوییان بكاتەوە و ناوچەكە ئاوەدان بكرێتەوە و كاری جدی بكرێت بۆ دۆزینەوەی بێسەروشوێنەكان و ڕزگاركردنی رفێندراوان و چیتر ڕێگە نەدرێت بەهۆی ململانێكانەوە شنگال بە ناسەقامگیری بمێنێتەوە و خەڵكی ڕەسەن و دڵسۆزی ناوچەكەش پشكی گەورەیان پێبدرێت لەناو هێزە ئەمنییەكاندا بۆ پاراستنی شنگال، هاوكات داوا دەكەین، ئەو كەس و لایەنانەی بەرپرس بوون لە ڕوودانی كارەسات و جینۆسایدكردنی شنگالیەكان، ڕووبەڕووی دادگا بكرێنەوە.

هەر لەم ساڵیادەدا بە پێویستی دەزانم جارێكی تر سوپاسی دڵسۆزی و نەبەردیی هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی دژەتیرۆر و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش و بەرخۆدانی چەكداری بكەم كە بە پشتیوانیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان توانیان ئێزدییەكانی چیای شنگال بپارێزن و ئەفسانەی داعش تێكبشكێنن .

دروود و نەمری بۆ شەهیدانی شنگال
سەربەرزی بۆ شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان

لاهور شێخ جەنگی
هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان


PM:03:03:03/08/2021