لە هەرێم ١١٥ هەزار کەس دوو مووچەن

راوێژکاری ئابوریی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت " تا ئێستا دەرکەوتووە لە هەرێم ١١٥ ھەزار فەرمانبەر دوو موچەیان ھەیە و ١٥ ھەزاری دیکەش ناشایستەن".

ئەرشەد تەھا راوێژکاری ئابوریی پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاند، "لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازیی حکومەتی ھەرێم پێداچوونەوە بە دۆسیەی فەرمانبەرانی مەدەنی ھەموو وەزارەتەکان، جگە لە کەرتی سەربازی تەواوبووە و دەرکەوتووە کە ١١٥ ھەزار فەرمانبەر دوو موچەیان ھەیە و رەنگە ھەمووی نایاسایی نەبێت، بۆیە بڕیارە حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری لێبدات."

ئاماژەی بەوەشدا، "جگە لەوەش، ١٥ ھەزار فەرمانبەر بە ناشایستە پلەیان وەرگرتووە و موچە وەردەگرن، بۆیە حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو ئەمانە یەکلادەکاتەوە و بڕیاری کۆتایییان لێ دەدات."

ئەرشەد تەھا ئەوەشی خستەڕوو، "ئێستا پێداچوونەوە بە دۆسیەی فەرمانبەرانی کەرتی سەربازی بەگشتی دەستیپێکردووە و بەردەوامە و حکومەت چاوەڕێدەکات ئەوانیش کارەکانیان تەواو بکەن بۆ ئەوەی بڕیاری لێبدرێت."



PM:11:47:03/08/2021