د. میران محەمەد دەچێتە بەردەم دادگا و بە کەفالەت ئازاد دەکرێت


د. میران محەمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کە تۆمەتی گەندەڵی سپیکردنەوەی چەک و خەرجکردنی چەکی بەڵێندەرانی لەسەرە، دەچێتە بەردەم دادگا و بەکەفالەت ئازاد دەکرێت تا رۆژی دادگایی کردن.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتووە هەفتەی رابردوو د. میران محەمەد چۆتە بەردەم دادوەر، کە پێشتر بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی بووەو لە بەرواری ٢٩/٧/٢٠٢١ لەلایەن دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەی دەستپاكی لە سلێمانی بەپێی ماددەی ١٥ لە یاسای دەستەی دەستپاكی، بەتۆمەتی تێوەگلانی لە دۆسیەی گەندەڵی و سپیكردنەوەی چەك و خەرجكردنی چەكی بەڵێندەران، كە شیاوی خەرجكردن نەبووە و چەكی بازاڕ بووە، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە".

د. میران محەمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی یەو سەر بە باڵی لاهور جەنگییە، سەرەتا کە فەرمانی دەستگیرکردنەکەی بۆ دەرچوو پۆلیس چوونە سەر ماڵەکەی لە شاری بەهاران لە سلێمانی، بەڵام لەوێ نەبوو، دەنگۆی ئەوە لە ئارادابووە کە لەماڵی لاهور جەنگی خۆی حەشارداوە، بەڵام بەهۆی هەندێک نێوەندگیری کۆمەڵایەتی لەگەڵ ماڵی تاڵەبانی تارادەیەک کێشەکە هێمن بۆتەوەو دواتر چۆتە بەردەم دادگا.

لە ٨ تەموزەوە کە کێشەکانی نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهور جەنگی تەقیەوە، وەک ئاکامێکی ئەم رووداوە چەندان دۆسیە زیندوکراوەتەوەو چەند کەسێکی تریش فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە، هەروەها لاهور جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی هەفتەی رابردوو چووە بەردەم دادگا، بەڵام تا ئێستا دادگا هیچ لێدوانێکی لەبارەی ئەو هەموو کێشانەوە رانەگەیاندووەسو زانیارییەکان بە نافەرمی ماونەتەوە.  



PM:12:27:23/08/2021