ماکرۆن لە بەغداد: ئاستەنگی دیکەش ڕووبەڕوی عیراق‌ و ناوچەکە بووەتەوە، بەتایبەتی گۆڕانی کەشوهەوا

د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ شەممە لە کۆشکی بەغداد پێشوازیکرد لە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا کە بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆنگرەی بەغدا بۆ ھەماھەنگی و هاوبەشی سەردانی بەغدای کردووە، لە دیدارەکەدا هەریەک لە سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆکی فەڕەنسا گفتوگۆیانکرد لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و فەرەنسا و گرنگی بەھێزکردنی پەیوەندییەکان و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و جیھان.

بەرهەم ساڵح لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ ماکرۆن رایگەیاند" زۆر خۆشحاڵم بە پێشوازیکردن لە دۆستی عێراق، ھەروەھا ئەم بۆنەیە دەرفەتێکە بۆ دووپاتکردنەوەی پێزانینمان بۆ پشتیوانی فەرەنسا لە گەلی عێراق بۆ رزگاربوون لە ستەمکاری و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و تووندڕەوی لە چوارچێوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش". 

سەرۆک کۆماری عێراق لە بەشێکی تری پێشکەشکردنی وتارەکەیدا ئەوەشی خستەڕوو، کە فەرەنسا لە پشتیوانی عێراق دەمێنێتەوە بۆ ریشەکێشکردنی تیرۆر و زامنکردنی سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکەدا، و هاوبەشێکی بازرگانی و ئابووری و هاوکارە بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی عێراق، ئەمڕۆش جەختدەکرێتەوە لەسەر رێککەوتنە هاوبەشە ئابوورییەکان لەگەڵ کۆمپانیاکانی فەرەنسا لە بوارەکانی وزە و بازرگانی.

ھاوکات ئاماژەشی بەوەکرد کە عێراق ساڵانێک ناونیشانی ململانێ و ناکۆکی بوو، ئەمڕۆش سەرکردەکانی ناوچەکە و نوێنەرانی کۆدەکاتەوە بۆ جەختکردنەوە لەسەر پشتیوانی لە پاراستنی سەربەخۆیی و گەشەپێدانی عێراق، ئەوەش دەبێتە مایەیی بەرژەوەندی گشت گەلانی ناوچەکە و وڵاتان.

سەرۆک کۆمار ئەوەشی دووپاتکردەوە، کە عێراق و ناوچەکە رووبەڕووی چەندین ئاستەنگ و ئاڵنگاری جددی بووەتەوە، بۆیە پێویستە وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاوڕی جددی لێ بدەنەوە، بەتایبەتی ریشەکێشکردنی تیرۆر و بەرقەرارکردنی ئاشتی لە ناوچەکەدا، ھەروەھا بەرەنگاربوونەوەی دەرئەنجامەکانی گۆڕانی کەشوھەوا.

لەلای خۆیەوە سەرۆکی فەڕەنسا جەختیکردەوە، فەرەنسا ھەمیشە پشتیوانی عێراق دەبێت بۆ ریشەکێشکردنی تیرۆر، ھەروەها هاوکار دەبێت بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی عێراق و گەڕانەوەی ئاوارەکان لە رێگەی پێشکەشکردنی کۆمەک و ھاوکاری لە بوارەکانی خوێندن و تەندروستی.

سەرۆکی فەرەنسا ئەوەشی خستەروو، ئاستەنگی دیکەش رووبەڕووی عێراق و ناوچەکە بووەتەوە، بەتایبەتی گۆڕانی کەشوهەوا. 

لە کۆتاییدا ماکرۆن ڕایگەیاند" کۆنگرەی بەغدا بۆ ھەماھەنگی و ھاوبەشی کە ئەمڕۆ بەرێوەدەچێت سەرکەوتنی عێراقە و مایەیی دەستخۆشییە و جێگای شانازییە بۆ گەلی عێراق". 


PM:02:26:28/08/2021