بۆ یەکەمجار عەبدوللـەتیف سەلەفی لەگەڵ مەسرور بارزانی کۆبۆوە

ئەمڕۆ بۆیەکەمجار سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ د.عەبدوللەتیف ئەحمەد سەلەفی، یەکێک لە رێبەرانی رەوتی سەلەفیەت لە هەرێمی کوردستان کۆبوەوە و رایگەیاند" پێویستە زانایانی ئایینی، ڕۆڵی ئەرێنی خۆیان، لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و داکۆکیکردن لە دەسکەوتەکانی گەلی کوردستان و پاراستنی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی بگێڕن". 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم پێشوازی لە د.عەبدوڵلەتیف ئەحمەد کرد، لە دیدارەکەدا، سەرۆکی حکومەت، ئاماژەی بە گرنگی ڕۆڵی زانایانی ئایینی کوردستان کرد لە بەرگریکردن لە پرسە نیشتمانییەکان و ڕەتکردنەوەی هزری توندڕەوی و برەودان بە کولتوری بەیەکەوەژیان و تەبایی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان. 

مەسرور بارزانی دوپاتیشی کردەوە، پێویستە زانایانی ئایینی، ڕۆڵی ئەرێنی خۆیان، لە هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و بڵاوکردنەوەی پەیامی ئاشتیخوازی و لێبوردەیی و داکۆکیکردن لە دەسکەوتەکانی گەلی کوردستان و پاراستنی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی بگێڕن. 

لەراگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە" لە کۆبوونەوەکەدا د.عەبدوللەتیف ئەحمەد، کۆمەڵێک پێشنیاری بە سودی بۆ بەرژەوەندی گشتیی و خزمەتکردنی ئایین و کۆمەڵگە خستەڕوو". 


PM:02:52:02/10/2021