بافڵ تاڵەبانی بۆ عەبدوللـەتیف: یەکێتی بە چاوێکی رێزەوە دەڕوانێتە پێگەی رەوتی سەلەفییەکان لە هەرێم

هاوسەرۆکی یەکێتی لە میانەی کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ عەبدولـلەتیف سەلەفی وتی" یەکێتی بە چاوێکی رێزەوە دەڕوانێتە پێگەی رەوتی سەلەفییەکان". 

ئەمڕۆ سێشەممە نوسینگەی راگەیاندنی بافڵ تاڵەبانی لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند" بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە دەباشان پێشوازیکرد لە د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد, لە دیدارەکەدا گفتوگۆکرا دەربارەی بەھێزکردنی گیانی پێکەوەژیان و لێکتێگەیشتن و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان لە رێگای دیالۆگی بونیادنەرانە و برەودان بە کاری چاکەکاری". 

ھەر لە دیدارەکەدا بافڵ تاڵەبانی بە گرنگییەوە ئاماژەی بە رۆڵی چاکەخوازانەی مامۆستایان و زانایانی ئایینی کرد لە کۆمەڵگەی کوردەواری لە بەھێزکردنی کەلتوری پێکەوەژیان و رێزگرتن لە بەھا پیرۆز و نەتەوەییەکان.

ھاوسەرۆکی یەکێتی روونیشیکردەوە: یەکێتی بە چاوێکی رێزەوە دەڕوانێتە پێگەی رەوتی سەلەفییەکان لە ھەرێمی کوردستان، نرخاندنی ھەیە بۆ بیری میانڕەوییان کە لە رابردوودا رۆڵی گرنگیان بینیوە لە قوڵکردنەوەی گیانی پێکەوەژیان لەنێوان ھەموو نەتەوە و پێکھاتە و ئاینزاکان و پاراستنی ئاسایش و ئاشتی کۆمەڵایەتی، ھەوڵەکانیشی بۆ رووبەڕووبوونەوەی بیری توندڕەویی بە گرنگ وەسفکرد.

بافڵ تاڵەبانی داواشیکرد کە ھەموو لایەک ھاوکار و پشتیوان بن بۆ برەودان بە گیانی تەبایی و لێبوردەیی و زیاتر خزمەتکردنی خەڵک.


PM:04:01:05/10/2021