ناوەرۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی ڕاگەیەندرا

کەمێک پێش ئێستا کۆبوونەوەی شاندی باڵایی پارتی و یەکێتی لە شاری سلێمانی کۆتایی هات، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا وتەبێژی فەرمی هەردوو حزب، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان ئاشکراکرد. 

مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ بابە شێخ حوسێن وتەبێژی یەكێتیی رایگەیاند" سەردانەکەمان بۆ پارێزگای سلێمانی سەردانێکی دۆستانەی دوای هەڵبژاردنە بۆ رەواندنەوەی گرژییەکانی هەڵبژاردنە". 

وتەبێژی پارتی ئەوەشی خستەڕوو: دوای پڕۆسەی هەڵبژاردن، وەک شاندی پارتی سەردانی هەموو لایەنەکان دەکەین، هەموو ئەو لایەنانەی کوردستان کە بەشدارن لە پڕۆسەی سیاسی عێراق، پێکەوەبین داکۆکیکی لەو مافە دەستوورییانە بکەین کە بەدەستهاتوون و کار بۆ بەدەستهێنانی ئەوانەش بکەین کە ماوەن.

لەسەر هەنگاوەکانی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک ئاماژەی بەوەکرد" ێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق هەنگاویان بۆ ئەم مەبەستە ناوە و لە رێککەوتن نزیکبوون، بەڵام ئاستەنگ هاتنە پێش". 

لای خۆیەوە وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند" پێشوازی لە هەر دەستپێشخەرییەك دەكەین". 

باسی لەوەشکرد: سەبارەت بە پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی کوردە، نەریتێک هەیە کە ئەو پۆستە پشکی یەکێتی بووە، پێموانییە ئەوە ببێتە کێشە لە نێوانمان. 

وتیشی" لە کۆبوونەوەکەدا باس لە هیچ پۆستێک نەکراوە، بەڵکو باس لە یەکڕیزی و کێشەکانی هەرێم و بەغدا کراوە، نەک پۆستەکان."   

بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە شاندێکی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی فازڵ میرانی به‌رپرسی مه‌كته‌بی سیاسی گەیشتنە شاری سلێمانی و له‌لایه‌ن بافڵ تاڵه‌بانی هاوسه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌ پێشوازییان لێ كراوه‌.

بڕیارە هەر ئەمڕۆ شانده‌كه‌ی پارتی سه‌ردانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی تریش بكات، هاوکات شانده‌كه‌ی پارتی پێكهاتووه‌ له‌ فازڵ میرانی، مه‌حموود محه‌مه‌د، عه‌لی حوسێن، دڵشاد شه‌هاب.


PM:12:10:18/10/2021