" بافڵ تاڵەبانی، حەمە سور دوو شیوکانی لە بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوک لادەبات "

لە دوێنێوە دەنگۆی لابردنی حەمە سور شیوکانی بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوک لە پۆستەکەی لەلایەن بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتیەوە باس دەکرا، بەلآم پشتڕاشتنەکرابوەوە، ئەمڕۆ بەرپرسێکی یەکێتی ئەو هەواڵەی بۆ ماڵپەڕی " سپی " پشتڕاستکردەوە.

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە ماڵپەڕی ( سپی ) راگەیاند " بافڵ تاڵەبانی لە رێگای تەلەفونەوە ئاگاداری کردۆتەوە کە لە پۆستەکەی لابراوەو، هۆکاری لابردنەکەشی پێ راگەیاندووە".

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش کرد کە لابردنی بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوک تەنها لەبەر ئەوە نەبووە کە کوڕەکەی پاسەوانێکی ستاڤی سکویریتی دەروازە سیتی لە سلێمانی کووشتووە، ئەو رووداوە هۆکارێک بووە، بەلآم چەندین هۆکاری تر هەبووە پەیوەندی بە کێشەکانی رێکخستنی یەکێتیەوە بووە لە کەرکوک، هەر بۆیە بافڵ تاڵەبانی دووریخستۆتەوە.

ئەو سەرچاوەیە وتیشی" نامەکەی حەمە سور دووشیوکانی کە گوایە داوای مۆڵەتی کردووە، زیاتر وەک رێزگرتنێک بووە لەو وەک کادیرێکی کۆن، بەلآم لە راستیدا لە پۆستەکەی لابراوەو هیچ پەیوەندیەکی بە مۆڵەتەوە نییە ". 
 
  

PM:04:23:18/10/2021