لە ڕاگەیەندراوێکدا هاتووچۆی هەولێر لەبارەی یەكەم بارانبارینی پاییزی ئەمساڵ هۆشداری بە شۆفێران دەدات، كە بەهێمنی و لەسەرخۆ لێبخوڕن.
مقەدەم فازڵ حاجی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی هاتووچۆی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، لەسەر ڕێگای سپیلك- هەریر، ئۆتۆمبێلێكی جۆری (هیۆندای تایبەت) بەهۆی تیژڕۆی و تەڕبوونی شەقامەكە كۆنتڕۆڵی لەدەستدا و خۆی كێشا بەتەنیشتی ڕێگا و لەدواییش كەوتە ناو ڕێڕەوی قەنتەرەی ئاوی باراناو.
ئەوەشی خستەڕوو: لەدەرەنجامی ڕووداوەكە شۆفێر و دوو سەرنشینی ئۆتۆمبێلەكە زۆر بەسەختی زامدار بوون، لەگەڵ كەوتنەوەی زیانێكی ماددی زۆر.
فازڵ حاجی باسی لەوەشکردووە: یەكەم بارانی پاییز ڕەحمەتێكی خوای گەورەیە، بەڵام بۆ شوفێری ئەگەر بەزیرەكانە مامەڵەی لەگەڵ نەكرێت كارەساتە، بۆیە تكایە ئاگادار بن و بەهێمنی لێخوڕین بكەن.