دەتوانێت چەكی ناوەكی دروست بكات
داعش لە موسڵ مادەی ئۆرانیۆمی دەستكەوتووە

رۆیتەرز بڵاویكردەوە لەنامەكەی بەغدا بۆ نەتەوە یەكگرتوەكان هاتووە كە چەكدارانی داعش بڕی نزیكەی 40 كیلۆ مادەی ناوەكییان لەزانكۆی موسڵ دەستكەوتووە‌و ئەگەری ئەوەش هەیە بەكاری بێنن.

بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی رۆیتەرز، لەو نامەیەدا كە بەم دواییانە حكومەتی عێراق بۆ رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكانی ناردوە، سەبارەت بەدزینی مادەی كیمیایی هاتووە كە چەكدارانی داعش لەكاتی گرتنی موسڵ، لەزانكۆی ئەو شارە بڕی نزیكەی 40 كیلۆ مادەی ناوەكییان دەستكەوتووە‌و ئەگەری ئەوە هەیە بەكاری بێنن.

بەپێی ئەو راپۆرتە، بەغدا لەنامەكەدا داوا لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان دەكات یارمەتی عێراق بكەن بۆ بەرەوڕووبونەوە لەئەگەری بەكارهێنانی ئەو مادە ناوەكییە.  

راپۆرتەكە دەنوسێت: لەنامەیەكدا كە "محەمەد عەلی حەكیم" نوێنەری هەمیشەیی عێراق لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان لە چوارشەممە 28ی مانگی حوزەیران بۆ "بان كیمۆن" سەرۆكی ئەو رێكخراوە نوسراوە، هەروەها هاتوە كە ئەو مادانە پێكهاتەیەكە لە ئۆرانیۆم‌و بۆ كاری توێژینەوە لەزانكۆی موسڵ هەڵگیرابوو، بەڵام داعش پاش كۆنترۆڵی موسڵ، بەدستی هێناوە دەتوانێت چەكی ناوەكی بەتوانای كاولكاری زۆر بەرز دروست بكات.

بەوتەی محەمەد عەلی حەكیم، سەرەڕای ئەوەی رێژەی ئەو مادە ناوەكییە سنوردارە، بەڵام گروپە تیرۆریستییەكان دەتوانن بەو مادەیە، یان بەتێكەڵكردنی لەگەڵ مادەی دیكە، چەكی ناوەكی پێدروست بكەن.
لەنامەكەدا هەروەها هۆشداری دراوە رەنگە ئەو مادەیە بۆ دەرەوەی عێراقیش بگوازرێتەوە.



PM:01:00:10/07/2014