ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌ هێرشه‌كه‌ی سه‌ر ماڵی كازمی ئاشكراکرا

‌مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق
راوێژکارى ئاسایشى نەتەوەی عێراق ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌ سەرەتاییەکانی له‌ هێرشه‌كه‌ی سه‌ر ماڵی سەرۆک وەزیرانی عێراقی ئاشکرا کرد و وتی" هێرشەکە خودى سەرۆک وەزیرانى کردوەتە ئامانج". 

قاسم ئەلئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەی عیراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" هێرشەكە بە دوو فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان كراونەتە سەر ماڵی مستەفا كازمی و دوو موشەكی تەقاندوە كە لە پێكهاتەی سیفۆڕبوون و دروستكراوی ناوخۆیین، یەكێكیان نەتەقیوەتەوە و لە ئەنجامی پشكنیندا چەند بەڵگەیەكی دەستكەوتووە كە سودی گەیاندوە بە لیژنەی لێكۆڵینەوە".

ئەعرەجی ئەوەشی خستەڕوو، تیمی پوچەڵكردنەوە و بەڵگەی تاوان سەرەتا نەیانتوانی بە ئەركی خۆیان هەستن و پەنجەمۆرۆ بەڵگەكان كۆبكەنەوە بۆیە دەستگیریانكردوون و رەوانەی لێكۆڵینەوە كراون.

ئاشکراشیکرد، تائێستا هیچ کەس و لایەنێک لەسەر رووداوەکە دەستگیرنەکراوە و لێکۆڵینەوەکان لەبارەی هۆکار تەقاندنەوەی بۆمبە نەتەقیوەکە لەلایەن تیمەکانی پوچەڵکردنەوەی مین و بەڵگەی تاوان بەردەوام دەبن. 

دەربارەی فڕۆكه‌كه‌ و شێوازی ئه‌نجامدانی هێرشه‌كه‌، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی وتی" فڕۆكه‌كه‌ و موشه‌كه‌كه‌ش له‌ ناوخۆی وڵات دروستكراون، موشه‌كه‌كه‌ش له‌ پلاستیك دروستكراوه‌ كه‌ كێشی سووك بێت تا فڕۆكه‌كه‌ بتوانێت هه‌ڵیبگرێت، ئه‌و مادده‌یه‌شی ته‌قه‌مه‌نیه‌كه‌ی پێ دروستكراوه‌ پێكهاته‌ی سیفۆر بووە".

باسی لەوەشکرد، سەرەداوی باشمان بۆ گەیشتن بە راستی رووداوەکە دەستکەوتووە و لێکۆلێنەوەکان پێویستیان بە کاتی زیاترە.

قام ئەعرەجی داواش دەکات هەرکەسێک، كە بەڵگەی تەواوی لەبەردەستدابێت هاوكاری لیژنەكە بكات و ئەركی نیشتمانی خۆی راپەڕێنێت، سەرۆك وەزیرانیش داوای لێكردوون بە پیشەیی و بێلانەنانە كارەكان بكەن.

بەرەبەیانی ڕۆژی ٧ی ئەم مانگە لە ڕێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە ماڵی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرایە ئامانج، کە بەهۆیەوە هەندێك لە پاسەوانەكانی بریندار بوون.  


PM:06:43:29/11/2021