لە نوێترین راگەیاندنیدا، بانکی ناوەندی عێراق هۆشداریدا لە دابەزاندنەوەی نرخی دۆلار بەرانبەر دینار و دەڵێت" ئەو کارە دەبێتە هۆی ئەوەی نرخی دراو لە کۆنترۆڵ دەربچێت و زیان بە هاوڵاتییان و پڕۆژەکان بگەیەنێت".
لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ ١٤ ی کانوونی یەکەم بانکی ناوەندی بڵاویکردەوەو ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەو کارە دەبێتە هۆی دروستبوونی بێمتمانەیی بە سیستەمی دارایی و دەرچوونی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و بەرهەمهێنانی ناوخۆیی لە کێبڕکێ و قوڵبوونەوەی بێکاریی بەهۆی وەستانی پڕۆژەکانەوە.
هەروەها هاتووە"بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار بووە هۆی کەمکردنەوەی فشار لەسەر خەرجییەکانی وەزارەتی دارایی بەڕێژەی 23% کە بووە هۆی تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی".
بانکی ناوەندی ئەوەش ڕەتدەكاتەوە نیازی دەركردنی فیئەی نوێی دراو هەبێت و جەخت لەوەش دەكاتەوە بەردەوام دەبێت لەبەردەستخستنی پارەی تازە بۆ گۆڕینی لەگەڵ دڕاوەكان.
لەبارەی یەدەگی نەختینەییشەوە بانكی ناوەندی ئاشكرای دەكات لەم مانگەدا یەدەگی دراوی بیانی گەیشتووەتە 63.793 ملیاردۆلار و لە ئیستا بە نەختیی 59.980 ملیار دۆلار بەردەستە.