داوا دەکرێت کارەبا لە دەباشان و کارگە گەورەکان ببڕدرێت


پەرلەمانتارێکی پەرلەمانی کوردستان بۆ چاککردنی دۆخی کارەبا داوا دەکات کارەبا لە دەباشان ماڵی تاڵەبانی و بارەگا حیزبییەکان و کارگە گەورەکان ببڕدرێت و بدرێت بە هاوڵاتیان.

لە نووسینێکدا بە ناوی " نامەو بەدواداچوون بۆ قوباد تاڵەبانی " پەرلەمانتاری عەلی حەمە ساڵح دەڵێت " دەتواندرێت ( ٤ بۆ ٥ کاتژمێر) کارەبای پارێزگای سلێمانی زیادبکرێت."

ئەو پەرلەمانتارە ئەو ناهەقیە لە پێدانی پشکی سلێمانی لە کارەبا ئاشکرا دەکات و دەڵێت " لە تێکڕای کارەبای کوردستان سلێمانی ٢٨.٨٪‏ و گەرمیان ٤.٧٪‏ ی کارەبای کوردستانی پێدەدرێت.. ھەولێر ٤٢٪‏ و دھۆک ٢٤٪‏ ی پێدەدرێت!".

عەلی حەمە ساڵح دەشڵێت " لەو بڕە کارەبایەی بەگشتی  بۆ سلێمانی تەرخانکراوە ھاوڵاتی ئاسایی لە شەو و ڕۆژێکدا نزیکەی ١٠ کاتژمێر کارەبای ھەیە!، ١٥٢ مێگاوات بۆ کارەبای ٢٤ کاتژمێری دەڕوات! کە زۆربەی نایاسایە! ٢٥٠ مێگاواتیش بۆ کارگە گەورەکان دەڕوات."

دەقی نووسینەکەی عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتاری کوردستان

نامەو بەدواداچون بۆ قوباد تاڵەبانی 
دەتواندرێت ( ٤ بۆ ٥ کاتژمێر) کارەبای پارێزگای سلێمانی زیادبکرێت.. 
لەئێستادا، بڕی ( ٨٠٠ مێگاوات کارەبا بۆ ھاوڵاتیانی سلێمانیەو نزیکەی ١٠٠ مێگاوات تەکنیکی بەفیڕۆ دەچێت).و بڕی (٢٥٠ مێگاواتی دیکەش کارەبای بەردەوامە  بۆ کارگەکە گەورەکان)...
لە تێکڕای کارەبای کوردستان سلێمانی ٢٨.٨٪‏ و گەرمیان ٤.٧٪‏ ی کارەبای کوردستانی پێدەدرێت.. ھەولێر ٤٢٪‏ و دھۆک ٢٤٪‏ ی پێدەدرێت! 
لەو بڕە کارەبایەی بەگشتی  بۆ سلێمانی تەرخانکراوە ھاوڵاتی ئاسایی لە شەو و ڕۆژێکدا نزیکەی ١٠ کاتژمێر کارەبای ھەیە!، 
کارەبای ٢٤ کاتژمێری 
١٥٢ مێگاوات بۆ کارەبای ٢٤ کاتژمێری دەڕوات! کە زۆربەی نایاسایە! ٢٥٠ مێگاواتیش بۆ کارگە گەورەکان دەڕوات. 
نمونەی بەشێک لەو شوێنانەی کارەبای بەردەوامیان ھەیە بە نایاسایی: 
گردی دەباشان 
نەخۆشخانەی فاروق دوو ھێڵی ٣٣ کەی ڤی ھەیە.
کارگەی ئاسنی ژیلەمۆ
کارگەی ئاسنی ستیل 
کارگەی ئاسنی توانای حاجی ساڵح، دوو فیدەری بۆ ڕۆشتوەو ملیارێک دینار قەرزاربوە! 
کارگەی پلاستیک لە تانجەرۆ..
نەخۆشخانەی سەفین 
کارگەی دەرمان. 
کارگەکانی فۆکسو وفۆنێکس و بەرلین و ئێرانێکس لە تانجەرۆ
ماڵی کاک کۆسرەت. 
چەندین بارەگای حیزبی و ماڵ و لەشوێن لە شاروشارۆچکەکان لە دەرەوەی ڕێنمایی کارەبای بەردەوامیان ھەیە... 
پرۆژەی نیشتەجێبونی بەرزایەکانی قەیوان لەسەر فیدەری بەردەوامە، بەڵام بە ئون لۆد ڕادەگیرێت..
تاوەکو چەند ھەفتەیەک پێش ئێستا نەخۆشخانەکانی ئەنوەر شێخە و سمارت و ھەرێم.... ھتد کارەبای بەردەوامیان هەبووە، بەڵام ئێستا ڕۆژانە حەوت کاتژمێر دەبڕدڕێت( بەڕێنمایی کارەبای بەردەوام بۆ نەخۆشخانەی ئەھلیە نیە) 
کارگە گەورەکان و کارەبای بەردەوام.. 
جگە لەوانەی سەرەوە باسمان کرد.. بە سیستمێکی جیاواز.
٢٥٠ مێگاوات کارەبای بەردەوام لە سلێمانی کارەبای دەدرێتە ژمارەیەک کارگەی گەورە (شیش و چیمەنتۆ.. ...)لە ھەولێرو دھۆکیش ھەمان شتە! 
لەم دۆخەدا کارەبا خراپە، دەکرێت شەوان کار نەکەن یان شفتێک کەم بکەنەوەو ١٠٠ مێگاوات بگەڕێتەوە بۆ ھاوڵاتیان. 
بەم ڕێوشوێنانەی باسم کرد دەتواندرێت (٤ بۆ ٥ کاتژمێر) پێدانی کارەبا بە ھاوڵاتیان زیادبکرێت.
نەدانی پارەی کارەبا.. 
چەندین شوێنی بارزگانی و کارگەو ماڵی بەرپرس و کەناڵی میدیای ..... ھتد پارەی کارەبا نادەن ! لە کاتێکدا کۆی گشتی ئەم داھاتە بۆ پرۆژەو دەرمان و کارەبای سلێمانی  خۆیەتی دینارێکی ناگەڕێتەوە ھەولێر! بەڵام ھاوڵاتی ئاسایی پارەی کارەبا دەدات! بۆیە پێویستە لەم شوێنانەوە وەرگرتی پارەی کارەبا دەستپێبکات!



PM:07:34:24/12/2021