هاتوچۆی سلێمانی لەبارەی کەشوهەواوە ڕوونکردنەوەیەکی بەپەلەی بڵاوکردەوە

بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی لە بارەی ئامادەکردنی ئۆتۆمبێل پێش بەفربارین ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە.

 

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ١٥ی کانوونی دووەم، بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی لە بارەی ئامادەکردنی ئۆتۆمبێل پێش بەفربارین ئاگادارییەکی بۆ شۆفێران بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، پێویستە پێش ئەوەی بەفر ببارێت، لە پێناو سەلامەتی شۆفێری کردن و پاراستنی گیانی شۆفێران و سەرنشینەکانیان پێویستە ئەم رێنماییانە لەبەرچاو بگیرێن.

ڕێنماییەکانی هاتو چۆ بۆ شۆفێران بەمشێوەیە هاتووە:

 

یەکەم/ ئامادە کردنی ئۆتۆمبێلەکەت بە دڵنیاکردنەوە لە چەند خاڵێکی گرنگ:

 

١-پێویستە ئەنتی فرێز "شلەی دژە بەستن" بکەیتە ناو دەبەی رادێتەری ئۆتۆمبێلەکەت.

 

٢-دڵنیابوون لە سیستەمی برێک لە ئۆتۆمبێلەکەتدا "سیستەمی ABS بەباشی کار بکات، نەبوونی لیک و لێچوون لە سیستەمی برێکدا".

 

٣- تایەی ئوتومبیلەکەت پێویستە چاڵ و خەتەکانی لە ڕێژەی دیاریکراوی یاسایی کەمتر نەبێت و بڕی دروست هەوایان تیادا بێت و نابێت هەوای کەم بێت.

 

٤- فڵچەی جامەکان بە باشی کاربکات.

 

 

دووەم/ پێویستە ئاگاداری ئەم خاڵانەبیت

 

١- سیستەمی گەرمی ئۆتۆمبێلەکە و هیتەری نەهێشتنی تەم بە باشی کار بکەن.

 

٢-پێویستە پاتری ئۆتۆمبیلەکەت نوێ بێت و هیچ کێشەی نەبێت.

 

سێیەم/ کەمکردنەوەی خێرایی بۆ رادەیەک کە توانای وەستاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکەت هەبێت واتە لە ناو شارەکان خێرایی لە 30 بۆ 50 کلم/ کاتژمێرێک و نابێت زیاتر بێت، هەروەها بۆ دەرەوەی شارەکان لە 60 کلم یان کەمتر بەگوێرەی بارودۆخی شەقامەکە خێرایی کەم و زیاد دەکەیت.

 

٣- پاراستنی ماوەی سەلامەتی لەنێوان ئۆتۆمبێلەکەی خۆت و ئۆتۆمبیلی بەردەمت، ئەم خاڵە گرنگییەکی زۆری هەیە، چونکە توانای وەستاندنەوەی ئۆتۆمبێل لە بەفر باریندا کەم دەکات بۆیە پێویستە ماوەیەکی دیاریکراوت هەبێت بۆ وەستاندنەوەی ئوتومبیل.

 

٤- ئیشکردنی لایت(گڵۆپ)ی نزم و لایتی تەم گرنگییەکی زۆری هەیە، چونکە بارینی بەفرو بوونی تەم ڕێژەی بینین کەم دەکاتەوە.

 

٥- پێویستە بانزینی تەواو لە ئۆتۆمبێلەکەتدا بێت بۆکاتی پێویست و قەرەباڵغی.

 

٦- نابێت شۆفێر بە شپرزەیی و لەناکاو ئیستۆپ بگرێت بەڵکو بەنەرمی و لەسەرخۆیی.

 

٧- سەردان نەکردنی ناوچە شاخاوییەکان بەهیچ شێوەیەک بەمەبەستی گەشت و بەسەربردنی کات.

 

٨- بوونی بەتانییەک لە ناو ئۆتۆمبێلەکەت ئەگەر ناچار بوویت گەشتێک بۆ دەرەوەی شارەکان ئەنجام بدەیت.

 

٩- دیاریکردنی خێرایی لەکاتی بارانبارین و بەفردا بکوژێنەرەوە، چونکە دیاریکردنی خێرایی لەم کاتانەدا وا دەکات کە کۆنترۆڵی ئۆتۆمبێلەکەت لە دەست بدەیت، لەوانەیە تۆ وابیربکەیتەوە کە هاوکاریت دەکات و لەخێراییەکی دیاریکراودا دەتهێڵێتەوە، بەڵام ئەگەر ئۆتۆمبێلەکەت بخلیسکێت و دیاریکردنی خێراییت کار پێکردبێت لەم کاتەدا ئۆتۆمبێلەکەت خێراتر دەبێت و رەنگە زیانەکان زۆر زیاتر بکات.

 

١٠- لەکاتی بوونی حاڵەتی نەخوازراو راستەوخۆ پەیوەندی بکرێت بەلایەنە پەیوەندیدارەکان.

 

سەنتەری ڕێکخستنی پەیوەندییەکان JCC ژمارە ١٠٠

 

هاتوچۆ ١٨٨

 

پۆلیسی فریاکەوتن ١٠٤

 

فریاگوزاری تەندروستی ١٢٢



AM:09:32:15/01/2022