لیژنەكەی وەزارەتی دارایی بۆ هۆكار و خەرجنەكردنی مووچە لەكاتی خۆیدا دەستبەكاربوو


بە بڕیاری وەزیری دارایی، لەمڕۆوە لیژنەكەی وەزارەتی دارایی بۆ دەستنیشانكردنی هۆكار و خەرجنەكردنی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان لەكاتی خۆیدا و كەمی سیولەی نەختینەیی پێویست لە بانكەكاندا دەستبەكاربوو.

سایتی كەی ئێن ئێن، زمانحاڵی بزووتنەوەی گۆڕان بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردودا لەسەر دواكەوتنی موچە وەزیری دارایی سەرجەم دەسەڵاتە داراییەكانی لە بەڕێوەبەری بانكی هەرێم لە سلێمانی سەندەوە، لە ئێستادا ناوبراو بە وردی چاودێری كارەكانی ئەو لیژنەیە دەكات كە بۆ بەدواداچون لە هۆكاری درەنگ دابەشكردنی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان لەماوەكانی رابردو.

هەر بەپێی زانیارییەكانی كەی ئێن ئێن، وەزیری دارایی لیژنەی تایبەتمەندی راسپاردوە تا چیتر گرفت بۆ دابەشكردنی موچە دروست نەبێت و لە وادەی خۆیدا دابەش بكرێت.

لە ماوەی چەند رۆژی رابردودا، ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوریی حكومەتی هەرێم بڕیاریدا بە راگرتنی سەرجەم دەسەڵاتەكانی خەرجكردن لە عەبدولرەحمان ساڵح رەشید، بەڕێوەبەری گشتی بانكی ناوەندی هەرێم لە سلێمانی و راسپاردنی گەزیزە محێدین بە راپەڕاندنی ئیش و كارەكان.

هەر لە نوسراوەكەدا وەزیری دارایی بڕیاریداوە بە پێكهێنانی لیژنەیەكی پسپۆڕ لە دیوانی وەزارەت و بانكە بازرگانییەكان و بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و پشكنین لە هۆكار و خەرجنەكردنی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان لەكاتی خۆیدا و كەمی سیولەی نەختینەیی پێویست لە بانكەكاندا.




PM:10:01:01/02/2022