پۆلیسی نەوت و گاز: گروپێكی دزی نەوت و كونكردنی بۆری نەوت دەستگیركران


پۆلیسی نەوت و گازی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، گروپێكیان دەستگیركردووە كە سەرقاڵی دزینی نەوت و كونكردنی بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان بوون لە سنوری پارێزگای هەولێر.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی نەوت و گاز لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە، كاتژمێر (١:٣٠)ی شەوی رابردوو هێزەكانیان توانیان گروپێكی دزی نەوت و كونكردنی بۆری نەوتی هەرێمی كوردستان لە سنوری پارێزگای هەولێر لە ناحیەی قوشتەپە- گوندی دۆڵەزە دەستگیر بكەن.

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "تاوانباران ڕاستەوخۆ لە كاتی ئەنجامدانی تاوانەكە دەستگیركران كە پێكهاتبوون لە سێ كەسی بە ڕەگەز كورد و دەستگیرا بەسەر ئۆتۆمبێلێكی تانكەر جۆری ئیسكانیا هەڵگری تابلۆی (عێراق/سلێمانی) كە بۆری نەوتی هەرێمی كوردستانیان كونكردبوو  بە صۆندەیەكەوە لكاندبوویان و بە تانكەر نەوتەكەیان بار كردبوو.

وەك راگەیەنراوەكە ئاماژەی پێداوە "یەكێك لە تاوانباران هەڵگری ناسنامەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆری سلێمانی یە ، پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ ڕێكخرا و ڕادەستی دادگای تایبەتمەند كران".



PM:08:28:09/02/2022