هاوپەیمانی نێودەوڵەتی: لە هەولێر هێرشكراوەتە سەر هێزەكانمان


هاوپەیمانی نێودەوڵەتی رایگەیاند، لەڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە هێرشكراوەتە سەر هێزەكانیان لە شاری هەولێر، دەشڵێت، هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش دوودڵ نابێت لە بەرگریكردن لە خۆی.

سەرچاوەیەك لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە میدیا عێراقییەكانی راگەیاندووە، لە درەنگانی شەوی رابردوودا لە رێگەی رادارەوە توانیویانە چەند فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوان ببینن لە بەرزییەكی دیاریكراودا كە لە ئاڕاستەی ناوچە سنوورییەكانی رۆژهەڵاتی عێراقەوە هاتوون.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، یەكێك لە فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانیان خستووەتە خوارەوە و هەوڵە هەواڵگرییەكان بەردەوامیان هەیە، باسی لەوەشكردووە، ئەو فڕۆكەیەی خستوویانەتە خوارەوە لە ئێستادا خراوەتە ژێر لێكۆڵینەوەوە بەمەبەستی دۆزینەوەی پەنجەمۆر و لێكۆڵینەوەی ورد لەو بارەیەوە.

وەك سەرچاوەكە وتویەتی "هێرشكردنە سەر دامەزراوەكانی عێراق و گەلانی عێراق جێگەی قبوڵكردن نییە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش دوودڵ نابێت لە بەرگریكردن لە خۆی و هێزە هاوپەیمانەكانی لەبەرامبەر هەر هەڕەشەیەك".



PM:10:11:13/02/2022