لێ پرسراوێکی پاتی: دوای رەتكردنەوەی زێباری رۆژانی داهاتوو بژاردەكانمان دەردەكەون

لێ پرسراوێکی  پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، "دوای رەتكردنەوەی هۆشیار زێباری كاندیدی حیزبەكەی بۆ سەرۆك كۆماری عێراق، بژاردەی زۆریان لەبەردەستدایە و رۆژانی داهاتوو بژاردەكان دەردەكەون".

 

دوێنێ دادگای فیدراڵی عێراق بە فەرمی هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی و كاندیدی ئەو حیزبە بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق رەتكردەوە كە ئەوەش چاوەڕواننەكراو بوو بۆ بەرپرسانی پارتی.

 

ئەكرەم ساڵح، ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی لقی ٢٢ی پارتی دیموكراتی كوردستانە بە دەنگی ئەمەریكای راگەیاندووە، ناكۆكییان لەگەڵ یەكێتی هەیە لەسەر پرسی سەرۆك كۆمار، بەڵام ئەمە واتای بچڕانی پەیوەندی نێوانیان نیە، ئەوان و یەكێتی هەم گفتوگۆیان هەیە، هەم ململانێش، بۆیە دەبێت لە ئەنجامدا بگەنە چارەسەر.

 

سەبارەت بە بژاردەكانی بەردەم پارتی لە كاتێكدا كاندیدەكەیان بۆ پۆستی سەرۆك دوورخراوەتەوە، ئەكرەم ساڵح وتویەتی"بژاردەمان زۆرە، لە ڕۆژانی داهاتوو دەردەكەوێت".

 

ناوبراو روونیكردۆتەوە، تا ئێستا ئاستی پابەندبوونی پارتی و عەرەبی سونە و ڕەوتی سەدر بەڕێككەوتنەكەی نێوانیان زۆر باشە و دەڵێت، ڕێككەوتنەكە لەم قۆناغەدا بەردەوام دەبێت، بەتایبەت بۆ مەسەلەی سەرۆك كۆمار و پێكهێنانی حكومەت.



PM:04:06:14/02/2022