هۆکاری نەناردنی پارەکەی بەغداد بۆ هەرێم ئاشکرا کرا

بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق نەناردنی (٢٠٠) ملیارەکەی بەغداد بۆ هەرێم بۆ دوو هۆکار دەگەڕێنێتەوە و دەشڵێت" ئەگەر حکومەت دەسەڵاتی تەواوەتی بەسەر هەموو داهاتەکاندا هەبێت، دەتوانێت بەبێ ئەوەی هیچ پارەیەک لە بەغداد وەربگرێت، مووچەی مووچەخۆران بدات". 
 
فازڵ نەبی بریکاری پێشووی وەزیری دارایی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" دەستێک لەپشتی جوڵاندنی دۆسیەی نەوتی هەرێم لە دادگای فیدڕاڵی هەیە کە ئەو دەستەش سیاسییەکانن، نەیارانی کورد لە بەغدا هەمیشە سوودیان لە هەبوونی ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان وەرگرتووە".  

سەبارەت بە دواخستنی ناردنی (٢٠٠) ملیارەکەش لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان، فازڵ نەبی ئاماژەی بەوەکرد، یاسای بودجە هۆکاری دواکەوتنی ناردنی پارەکەیە، ئەوکات نرخی بەرمیلێک نەوت (٣٠) دۆلار بوو، هەرێمی کوردستان مانگانە (٢٠٠) ملیار دینارێکی دەکەوت، بەڵام کاتێک نرخی نەوت بەرزدەبێتەوە، ئەو (٢٠٠) ملیارە کەم دەبێتەوە، چونکە دەقی ماددەکە دەڵێت، داهاتی 250 هەزار بەرمیل بە نرخی سۆمۆ، کە بە (٣٠) دۆلار فرۆشتوویەتی هەرێمی کوردستان (٢٠٠) ملیار دیناری کەوتووە، بەڵام مانگی دواتر کە بە (٥٠) دۆلار فرۆشتوویەتی لە (٢٠٠) ملیارەکە کەم دەبێتەوە، چونکە ئەو داهاتەی لە بەرامبەر (٢٥٠) هەزار بەرمیلەکە کە دەبێت بیدەیتە بەغدا، بڕەکەی زیاد دەکات، ئەگەریش گەیشتە (٨٠) دۆلار ئەوا ئێمە هیچمان ناکەوێت، بۆیەش بەغدا ئێستا (٢٠٠) ملیارەکەی راگرتووە. 

بریکارەکەی پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق هۆکارێکی دیکەی نەناردنی پارەکەی بەغداد دەگەڕێنێتەوە بۆ جوڵاندنی داوایەک لە دادگە و دەڵێت" داوایەک لەسەر ئەو (٢٠٠) ملیارە جوڵێندراوە، چونکە پەیوەست نییە بە دادگەی فیدراڵی، بەڵکو پەیوەستە بە دەستەی دەستپاکی. ئەوان پێیانوایە ئەو (٢٠٠) ملیارەی بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە سەرپێچییە". 
  
لەبارەی ئەگەری نەناردنی پارەکەی بەغداد و توانای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ئەوەی خستەڕوو، ئەگەر چاکسازییەکان بە تەواوەتی و رێکوپێکی بکرێن و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی تەواوەتیی بەسەر هەموو داهاتەکاندا هەبێت، ئەوکات دەتوانێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بدات و خەرجیی دیکەش بکات، بەبێ ئەوەی هیچ پارەیەک لە بەغدا وەربگرێت. 


AM:12:18:18/02/2022