خاوەن پاسەکانی سلێمانی: کرێی گواستنەوە گران دەکەین گەر سوتەمەنی هەرزان نەکرێت

ئەمرۆ خاوەن پاسەکانی سلێمانی گردبوو نەوەیەکی ناڕەزاییان دژی گرانبونی بەنزین ئەنجامدا و دەڵێن "ئەگەر حکومەت هاوکاریان نەکات و سوتەمەنی هەرزان نەکرێت، ناچارن کرێی گواستنەوەی هاوڵاتیان گران بکەن یان کارنەکەن".

ئەمڕۆ شەممە ١٩ی شوبات،  بەشێک لە خاوەن پاسەکانی سلێمانی گردبوو نەوەیەکی ناڕەزاییان دژی گرانبونی بەنزین ئەنجامدا و دەڵێن "ئەگەر حکومەت هاوکاریان نەکات و سوتەمەنی هەرزان نەکرێت، ناچارن کرێی گواستنەوەکان گران بکەن یان کارنەکەن، چونکە گرانبونی بەنزین بژێوی ژیانیانی سەخت کردووە".

هەروەها باس لەوە دەکەن کە حکومەت هیچ هاوکارییەکی هۆیەکانی گواستنەوەی گشتی ناکات ماوەی چەند مانگێکە نرخی بەنزین بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوەتەوە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هیچ هاوکارییەکی هۆیەکانی گواستنەوەی گشتی ناکات، بۆیە داوا دەکەن بۆ خاوەن تاکسی و پاسەکان پسولەی تایبەت هەبێت و بەنرخێکی هەرزانتر سوتەمەنی وەربگرن.

وەک خۆیان دەڵێن "کارکردنیان لەئێستادا بەجۆرێکە داهاتەکەی بەشی ژیانیان ناکات، چونکە بەنزین گرانبوە و قائیقامیەتی سلێمانیش کردوویەتیە مەرج کە نابێت لە پاسێکدا لە ٢٥ کەس زیاتر بگوازرێتەوە".

 هەروەها تائێستاش کرێی گواستنەوەیان لەسەر هاوڵاتیان گران نەکردووە و ئومێدیان هەیە کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکرێت، ئەگەر وەڵامی داواکارییەکەیان نەدرێتەوە، بەردەوام دەبن لە راگرتنی پاسەکان و کارناکەن.



AM:10:35:19/02/2022