پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق: لەسەر بەرزبوونەوەی دۆلار زانیاریمان دایە پەرلەمان


پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق رایدەگەیەنێت، لەكۆبونەوەی پەرلەمانی عێراقدا زانیاری وردیان بە پەرلەمان داوە سەبارەت بە وردەكاری بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار.

مستەفا غالب، پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق دوێنێ لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە میوانداری كرا بەمەبەستی روونكردنەوە لەسەر بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار.

مستەفا غالب لەراگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە، لە كۆبوونەوەی پەرلەماندا هۆكارەكانی گۆڕانكاری لە بەهای دینار بەرامبەر دراوە بیانییەكان و ئەو ئەنجامانەی بەهۆی بڕیارەكەوە بەدەستهاتون لە ماوەیەكی كورت و درێژخایەندا رونكراوەتەوە و ئاماژەی بەوەشكردوە، بانكی ناوەندی لە هەمو روانگەكانەوە تاوتوێی بەهای دینار و دراوەكان بەگشتی دەكات، داواش دەكات دامەزراوەكانی حكومەت كارەكانیان بەدروستی ئەنجام بدەن بەمەبەستی بەدیهێنانی ئامانجی بڕیارەكە. 

ئەمڕۆش بانكی ناوەندی عێراق رایگەیاندووە، دابەزاندنی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی چەندین ئەنجامی باش و ئەرێنی هەبوە لەوانەش كەمكردنەوەی كورتهێنانی بودجە و دروستكردنی كێبركێ لەنێوان بەرهەمهێنانی پێداویستییەكانی ناوخۆ و هاوردەكردنی بەرهەمی بیانی، بۆیە هەر دەستكاریكردنێكی بەهای دینار لەم كاتەدا كاریگەی خراپی دەبێت لەسەر بازار و گەشەی ئابوری وڵات.



PM:09:38:20/02/2022