یانەی هەولێر روونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە

دوای ئەوەی دوێنێ لە گەڕی ٢٢ ـی خولی نایابی تۆپی پێی عێراق، یاری نێوان هەولێر و شوڕتە بە ئامادەبوونی زیاتر لە ٢٠٠٠٠ بیست هەزار هاندەر لە یاریگەی فڕەنسۆ هەریری ئەنجامدرا و، یارییەکە بێ هیچ کێشە و گرفتێک کۆتایی هات، بەڵام بەداخەوە کەسانێکی فێرکراو چاویان بە ئەنجامە باشەکانی ئەم دوایەی یانەکەمان و ئامادەبوونی ئەو ژمارە زۆرەی هاندەران هەڵنایەت، پڕوپاگەندەی ئەوە بڵاو دەکەنەوە، گوایە دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر بڕیاری قەدەغە کردنی ئاڵای کوردستانی داوە بێتە نێو یاریگە، ئێمە وێڕای ئەوەی سەرلەبەری ئەو هەواڵانە ڕەت دەکەینەوە و دوورە لە راستی و، روونیشی دەکەینەوە کە:
یەکەم: بە هۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان هاندەرانی یانەی شوڕتە و هەولێر لە قۆناغی ١٦ ـی جامی عێراق، کە دیسان زوڵم لە یانەکەمان کرا و وا لێکدرایەوە ئاڵای عێراق لە یاریگەی فڕەنسۆ هەریری دڕاوە، کە وانەبوو، بۆیە ئێمە وەک دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر لە یارییەکەی دوێنێ رێگریمان کرد لە هێنانی ئاڵای عێراق بۆ ناو یاریگە نەک ئاڵای پیرۆزی کوردستان.
دووەم: دوێنێ لە یاریگەی فڕەنسۆ هەریری هەرسێ ئاڵای کوردستان و عێراق و یانەی هەولێر هەڵکرابوو، هیچ کەسێکیش نەهاتووەتە یانەکەمان سکاڵای ئەوە بکات، کە رێگری لە هێنانی ئاڵای پیرۆزی کوردستانی لێکرابێ.
سێیەم: ئێمە هەر بڕیارێکمان هەبێت، لەم پەیجە بڵاوی دەکەینەوە و تەنیا لە پۆست و بڵاوکراوەکانی ئەم پەیجە بەرپرسیارین، لە هیچ  پەیجێکی فەیک و خوازراو بە ناوی یانەکەمان بەرپرسیار نین.
چوارەم: ئێمە وەک دەستەی کارگێڕی نوێی یانەی وەرزشی هەولێر، زۆر شانازی بە ئاڵای پیرۆزی کوردستان دەکەین، هەموو ئەو هەوڵانەی بۆ ناشیرین کردنی یانەکەمان و سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی یانەکەمان دەدرێن نەزۆکن، ئێمە رێگایەکی راستمان گرتووە و سارد نابینەوە، خۆشەویستان و هاندەرانی یانەی هەولێر دڵنیا دەکەینەوە، پشتیوان بە خوای گەورە یانەکەتان دەگەڕێنینەوە رێڕەوی سەرکەوتن و سەر سەکۆی ناسناوەکان.
یانەی وەرزشی هەولێر

PM:08:41:21/02/2022