لێدوانی وەزیری پێشمەرگە سەبارەت بە دوو لیوا هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق


وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لەلای ئەوانەوە سەرجەم كارەكانی پێكهێنانی دوو لیوا هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق تەواوكراون و چاوەڕوانی وەزارەتی بەرگریی عیراقن. 
 
ئەمڕۆ شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی كرد لە كۆلۆنێڵ ماسیۆ، فەرماندەی هێزە تایبەتەكانی فەرەنسا لە عێراق و سوریا و شاندێكی یاوەری، بەپێی راگەیەنراوی وەزارەتی پێشمەرگە، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكرا لەبارەی كارەكانی پێكهێنانی دوو لیوای هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق.

وەزیری پێشمەرگە رایگەیاندووە "لە پرسی پێكهێنانی دوو لیوا هاوبەشەكەدا لەلای ئێمەوە سەرجەم كارەكانی تەواوكراون و چاوەڕوانی وەزارەتی بەرگریی عیراقین، بۆ ئەمەش داوایكرد لەگەڵ هاوپەیمانان فەرەنسا رۆڵی خۆی لە هاندانی لایەنی عێراقی بۆ پێكهێنانی خێرای ئەو لیوا هاوبەشانە بگێڕێت، تاوەكو بەرپرسیارێتی لەو ناوچانە ببینن كە بۆشایی ئەمنییان هەیە".
 




PM:08:57:22/02/2022