زانیاری نوێ لەسەر ناردنی پارەکەی بەغداد بۆ هەرێم ئاشکرا کرا

بڕیاردەی پێشووی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" تا رێککەوتنی نوێ لەگەڵ بەغدا نەکرێت پێویستە حکومەتی فیدڕاڵی (٢٠٠) ملیارەکە بۆ هەرێم بنێرێت". 

ئەحمەد سەفار بڕیاردەری پێشووی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکدا بە (ئێن ئاڕ تی) راگەیاند" (٢٠٠) ملیار دینارەکە لە ئەنجامی رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵییەوە بووە، بەگوێرەی رێککەوتنەکەش عێراق مانگانە بڕی (٢٠٠) ملیار دینار وەک قەرزی کاتی بداتە حکومەتی هەرێم تا ئەو لیژنەیەی بۆ جێبەجێکردنی مادەی (١١)ی بودجەی (٢٠٢١) پێکهێنرا کارەکانی تەواو دەکات". 

بڕیاردەری پێشووی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق وتیشی" هەر کاتێک بودجەی ساڵی (٢٠٢١) تەواو بوو هەژماری کۆتایی یەکلایی بکرێتەوە و حساباتی نێوان هەولێر و بەغداد سفر دەکرێتەوە". 

لەبارەی ناردنی (٢٠٠) ملیارەکە بۆ ئەم مانگە، ئەحمەد سەفار ئاشکرای کرد، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی من هەمە دەبێت حکومەتی فیدڕاڵی بۆ ئەم مانگە (٢٠٠) ملیارەکە بنێرێت. 

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو لیژنەیەی بۆ جێبەجێکردنی ماددەی (١١)ی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی (٢٠٢١) پێکهێنراوە دەبێت لەم مانگەدا و ئاداری داهاتوو کارەکانی تەواو بکات، تا ئەمەش نەکرێت دەبێت حکومەتی فیدڕاڵی (٢٠٠) ملیارەکە بنێرێت.

باسی لەوەشکرد، پێش بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی لەبارەی نادەستوربوونی یاسای نەوت و غازی هەرێمەوە، حکومەتی فیدڕاڵی بەگوێرەی رێککەوتنی بودجەی (٢٠٢١) رێگەی بە حکومەتی هەرێمدا لە بازاڕەکانی جیهاندا نەوت بفرۆشێت و داهاتی (٢٥٠) هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغداد بکات.


PM:01:11:23/02/2022