"هێرشی روسیا بۆ سەر ئۆكرانیا كاریگەری بۆ كاڵای هەرێم نابێت"


یەكێتی هاوردە و ناردنكارانی كوردستان رایدەگەیەنێت، دەستپێكردنی شەڕ ِ لەلایەن روسیاوە لە دژی ئۆكرانیا، كاریگەری بۆ سەر گرانبوونی شمەك لە بازاڕەكانی هەرێم نابێت.

عەتا محەمەد، جێگری سەرۆكی  یەكێتی هاوردە و ناردنكارانی كوردستان بە (سپی) راگەیاند، لە ئۆكرانیاوە برنج و گوێز و مەوادی دیكەی خۆراك بۆ هەرێم دێت، بەڵام دروستبوونی ئەم شەڕ و گرژییە لە نێوان روسیا و ئۆكرانیا بۆ چەند رۆژێك ترس دروست دەبێت، بەڵام پێویست بە مەترسی زۆر ناكات بۆ هەرێم، چونكە ئەو خۆراكانەی لە ئۆكرانیاوە هاوردە دەكرێن، لە وڵاتانی دیكەشەوە بۆ هەرێم دێن.

ناوبراو روونیكردەوە، ئەو كاڵایانەی لە ئۆكرانیاوە بۆ هەرێم دێن بەراورد بە وڵاتانی دیكە زۆر كەمترە، بۆیە هاوڵاتیان دڵنیا دەكەنەوە كە لەو رووەوە هەرێم هیچ كێشەی نابێت. 

لە دوێنێوە روسیا دەستی بە هێرشكردن بۆ سەر ئۆكرانیا كردووە و تا بەشێكی زۆری خاكی ئەو وڵاتە رۆیشتووە و پێدەچێت ئەمڕۆ شاری كیێڤی پایتەختیش كۆنتڕۆڵ بكەن.



PM:02:16:25/02/2022