"ئەو بێ ئەدەبانە بكەنە دەرەوە"، كوڕێكی عەبدوللەتیف سەلەفی روونكردنەوە لەسەر ئەو قسەیەی باوكی دەدات


عەبدولحەق عەبدوللەتیف سەلەفی، رایدەگەیەنێت "ئەوەی كە پرسیار دەكات نوێژی نەكرد و زۆر بە بێ ئەدەبانە پرسیاری لە مامۆستا دەكرد."   

عەبدولحەق عەبدوللەتیف، كە هاوڕێیەتی باوكی دەكات و لە بەریتانیایە لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا رایگەیاندوە  "من وەك شایەتحاڵێك قسە دەكەم كە خۆم لەوێ بووم، ڕۆژی پێنجشەممە پێش وتارەكە، كاتی نوێژی عیشا بوو، ئەو گەنجە لەوێ بوو، بەڵام نەهات نوێژ بكات، چاوەڕێی كرد تا نوێژەكە تەواو بێت ئەوكاتە هاتە سەرەوە".   

ناوبراو وتویەتی "ئەو گەنجە چاوەڕێی كرد تا كاتی پرسیاركردن هات و زۆر بە بێ ئەدەبانە پرسیاری دەكرد، ئێوە تەنها ئەوەتان بۆ دەركەوتووە كە مامۆستا وتویەتی ئەو بێ ئەدەبانە بكەنە دەرەوە، بەڵام بەو شێوەیە نییە و هیوادارم سەیری تەواوی ڤیدیۆكە بكەن."   

دوێنێ ڤیدیۆیەكی عەبدولەتیف سەلەفی بڵاوبووەوە كە لە مزگەوتێكی بەریتانیا قسە بۆ ژمارەیەك خەڵك دەكات و لە كاتی پرسیاركردنیشدا بەیەكێك دەڵێت "ئەو بێ ئەدەبانە بكەنە دەرەوە"، ئەو قسەیەشی كاردانەوەی زۆری لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لێكەوتەوە.



PM:08:21:26/02/2022