زانیاری نوێ لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار ئاشكرا دەكرێت


سەرچاوەیەكی بەرپرس  لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت "بۆ دانیشتنی هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆك كۆمار دەبێت دوو لەسەر سێی پەرلەمانتاران ئامادە بن كە 220 پەرلەمانتار دەكات، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار لە گەڕی دووەمدا پێویستی بە نیوە+1 هەیە".

ئەو سەرچاوە بەرپرسەی یەكێتی بە (سپی)ی راگەیاند "بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار كە جارێكی دیكە دەرگای خۆپاڵاوتن كراوەتەوە، دەبێت 220 پەرلەمانتار ئامادەی دانیشتنەكە ببن و لە گەڕی یەكەمیشدا ئەو ژمارەیە دەنگ بە كاندیدەكە بدەن، بەڵام ئەگەر لەو گەڕەدا كاندیدەكان دەنگی پێویستیان بەدەست نەهێنا، لە گەڕی دووەمدا پێویستی بە دەنگی نیوە+1 واتە 157 پەرلەمانتارە كە دیارە كاندیدی پارتی ئەو ژمارە پێویستەی هەیە".

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەكرد "بەڵام لای ئێمە ئەوە گرنگە كە ئەگەر لەگەڵ پارتی نەگەینە رێككەوتن، ئەوا زەحمەتە 220 پەرلەمانتار ئامادەی دانیشتنی پەرلەمان ببن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، چونكە هاوپەیمانی سێقۆڵی پارتی و سەدر و حەلبوسیش ئەو ژمارەیەیان بۆ كۆنابێتەوە، لە بەرامبەردا نەیارەكانیشیان دەتوانن بە نەچوونە ژوورەوەیان بۆ هۆڵی پەرلەمان ئەو دانیشتنە پەك بخەن".
 
دوێنێ پەرلەمانی عێراق بۆ جارێكی دیكە دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ سەرۆك كۆمار كردەوە، تائێستا چەند كوردێك خۆیان بۆ ئەو پۆستە كاندید كردووە لە دیاریترینیان (بەرهەم ساڵح لە یەكێتی، رێبەر ئەحمەد لە پارتی).



PM:09:48:06/03/2022