دەربارەی باری تەندروستی وەزیری دارایی هەرێم ڕوونکردنەوە دەدرێت

ئەندامێکی ژووری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی باری تەندروستی ئاوات شێخ جەباب ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت" وەزیری دارایی هەرێم نەخۆشە و مۆڵەتی وەرگرتووە". 
 
شوناس شێرکۆ، ئەندامی ژووری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان لە لێدوانێکدا بە رووداوی راگەیاند" ئەوەندەی من ئاگاداربم وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان باری تەندروستی باش نییە و مۆڵەتی وەرگرتووە، هەروەها وەزیری دارایی روونکردنەوەی دابوو، بەپێی ئەو روونکردنەوەی بێت ئاگاداری هەموو وردەکارییەکانی داهات نییە".
   
ئەو ئەندامەی ژووری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان باسی لەوە شکرد، لیژنەی ئامادەکارییەکانی کۆنفرانسی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بەردەوام لە کۆبوونەوەدایە و خەریکی ئامادەکارییەکانە بۆئەوەی کۆنفرانسی نیشتمانی بکرێت، تاوەکو ئێستا هیچ رۆژێک دیارینەکراوە، چاوەڕێین هەموو لیژنەکان ئامادەکارییەکانیان تەواو بکەن، ئەو کاتە جڤاتی نیشتمانی رۆژێک دیاری دەکات. 
 
لەبارەی دۆخی ئێستا هەرێمی کوردستانیشەوە ئەو بەرپرسەی گۆڕان ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر بارودۆخەکە بەم جۆرە بەردەوام بێت، داهاتوویەکی نادیار چاوەڕێی خەڵکەکە دەکات، هەنگاوەکانی چاکسازی بەو جۆرە ناڕۆن کە پێویستن، ئێمە نە لە دۆخی سلێمانی نە لە دۆخی هەولێر و نە لە دهۆک رازی نین. 
 
لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیشەوە شوناس شێرکۆ جەختی لەوە کردەوە، کە پێویستە لە کاتی خۆیدا و لە رەوشێکی ئارام و دیموکراسییانەدا بکرێت.


PM:07:10:10/03/2022