لێدوانی نوێی پارتی سەبارەت بە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق


وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت "یەكێتی لەسەر قسەی خۆیان سووربوون، بۆیە ئێمە دەچینە نێو پرۆسەی ھەڵبژاردنی پۆستی سەرۆك كۆمار."  

مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ میدیای فەرمی حزبەكەی رایگەیاند "پێویستە لە نێو كورددا پۆستی سەرۆك كۆمار یەكلابكرێتەوە، بەداخەوە لایەنێك لە كوردستان لە ھەڵبژاردنی پێشووی عێراق بە ھەوڵی لایەنەكانی دیكە ئەمەی یەكلا كردەوە، ئێستاش یەكێتی لەسەر قسەی خۆیان سووربوون و پرس و ڕاوێژیان نەكرد، بۆیە ئێمە دەچینە نێو پرۆسەی ھەڵبژاردنی پۆستی سەرۆك كۆمار".  

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "شەراكەتی كوردستان لە بەغدا بۆ كورد گرنگە، ئێمە بۆ پۆست ناچینە بەغدا، بەڵكو دەمانەوێت لە بڕیاردانەكان بەشداربین و لە جێبەجێكردنیش بەشداربین، واتا پارتی لە بەغدا پۆستی بۆ پاراستنی شەراكەت و تەوافوق دەوێت و پێویستیشە پێداچوونەوە بە حوكمرانی لە عێراق بكرێت".  

مەحمود محەمەد باسی لەوەشكرد كە "لە ڕاستیدا كێشە لە نێو ماڵی شیعە و سووننە و كوردیشدا ھەیە، كێشەی نێو ماڵی سووننە تا ڕادەیەك چارەسەر بووە، كێشەی نێو شیعەكانیش تا ئێستا بەتەواوەتی چارەسەر نەكراوە و كێشەكەش بۆ ئێستا ناگەڕێتەوە بەڵكو ئەم كێشەیە لە دوای ڕووخانی ڕژێمەوە سەریھەڵداوە، ھەروەھا كێشەی ناو ماڵی كوردیش با بە ڕاشكاوی بڵێین، ھەندێك لایەن ئەو تمووحەی كە ئەوان ھەیانە و بڕیاری خۆیان بدەن و ھەموو شتێك بۆ ئەوان بێت، ئەمەش بۆ خۆی كێشەی دروست كردووە، وای كردووە كێشە لە نێو پرۆسەكە دروست ببێت و پڕۆسەی پێكھێنانی حكوومەتی نوێی عێراق ھێواش بێت، بەڵام ئومێدیش دەكەین لە چەند ڕۆژی داھاتوو كێشەكان چارەسەر بكرێت و حكومەت پێك بێت".  



AM:11:29:12/03/2022