لێدوانی نوێی یەكێتی سەبارەت بە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق


یەكێتی نیشتیمانی كوردستان جارێكی دیكە جەخت دەكاتەوە لەوەی بەرهەم ساڵح تاكە كاندیدی حزبەكەیانە بۆ سەرۆك كۆماری عێراق.

سۆزان مەنسور، وتەبێژی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق بە ئاژانسی فەرمی عێراقی ڕاگەیاندووە " هەڵوێستی یەكێتی جێگیرە و د.بەرهەم ساڵحی بۆ خولێكی نوێی سەرۆك كۆمار كاندید كردووە، كاندیدكردنی بەرهەم ساڵحیش هەڵبژاردنێكی حزبی نییە، بەڵكو لەسەر بنەمای بارودۆخی نیشتمانی كاندیدكراوە، چونكە سەرۆك كۆمار دەبێت سەربەخۆ بێت لە هەر حزبێك و نوێنەرایەتی هەموو پێكهاتەكان بكات."   

ناوبراو ئاماژەی بەوەشكردووە، " یەكێتی لە هەموو هاوپەیمانێتییەكان نزیكە، بەڵام هێشتا پۆستی سەرۆك كۆمار یەكلایی نەبووەتەوە، هەڵبژاردنی پێشوەخت دوای خۆپیشاندانەكانی ئۆكتۆبەر هات لەسەر بنەمای پێكهێنانی حكومەتی ڕزگاری نیشتمانی، بۆیە پێویستە لایەنەكان دەستبەرداری پشكی خۆیان بن بۆ ڕزگاركردنی گەلی عێراق."  

بڕیارە رۆژی شەممەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق كۆببێتەوە تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار.



PM:08:18:18/03/2022