بەرپرسێكی كەتیبەكانی حیزبوڵا رای خۆیان لەسەر كاندیدكردنی رێبەر ئەحمەد بۆ سەرۆك كۆمار ئاشكراكرد


بەرپرسێكی كەتیبەكانی حیزبوڵا هێرشی توند دەكاتە سەر كاندیدكردنی رێبەر ئەحمەد بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق و دەڵێت "رێگە نادەین  جولەیەكی بێزراو ببێتە سەرۆك كۆماری عێراق".

ئەبو عەلی عەسكەری، بەرپرسی سەربازی كەتیبەكانی حیزبوڵای عێراقی هۆشداری دەداتە محەمەد حەلبوسی بۆ پشتگیریكردنی ڕێبەر ئەحمەد و رایدەگەیەنێت "كاندیدكردنی جولەیەكی بێزراوی جوداخواز بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دەبێت هەڵبگریت، ئێمە لەنزیكەوە ئاگاداری كارەكانی هەین و فریو نادرێت بەفێڵەكانی".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "داوا لە هێزەكانی حەشدی شەعبی لەباشوری عێراق دەكەین بەگوێرەی قەبارەی مەترسیەكان بڵاوە بكەن و دووبارە شوێنەكانیان ڕێك بخەوە، ڕێگە نەدەین ئەوانەی لەئوتێلەكان نیشتەجێن عێراق بگەڕێنەوە بۆ چوارچێوەی یەكەم".

عەسكەری وتویەتی "داوا لە پەرلەمانتارەكان بەتایبەت ئەوانەی كە سەر بە لایەنەكان نین، هەمیشە بۆ مافی بەشخوراوان تێدەكۆشن، نەبنە داردەستی بازرگانەكانی خوێن و سیاسەت بۆ دابەشكردنی عێراق لەسەر دەستی البارزان و الپهلوان و الفلان".

ئەمشەو رەوتی سەدر و سوننەكان و پارتی دیموكراتی كوردستان، هاوپەیمانی (رزگاری نیشتمانی)یان راگەیاند و گەورەترین كوتلەی پەرلەمانین، بڕیاریشە رۆژی شەممەی داهاتوو دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بكرێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار.



PM:11:15:23/03/2022