زێباری: لایەنە دۆڕاوەكانی پەرلەمان توانیویانە كۆنترۆڵی زۆرینەی براوەكان بكەن


هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت "لایەنە دۆڕاوەكانی پەرلەمانی عێراق توانیویانە كۆنترۆڵی زۆرینەی براوەكان بكەن"، هاوكاتیش دەڵێت "بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی دەگرێت لەبارەی پێویستیی ئامادەبوونی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان  نادەستورییە".

هۆشیار زێباری لە تویتێكدا ڕایگەیاندووە "ڕووداوەكانی دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق سەلماندی كە بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ ئامادەبوونی ڕێژەی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار پێچەوانەی مادەكانی دەستوورە لەبارەی دانیشتنەكانی پەرلەمان."   

ناوبراو وتویەتی "خەڵكی عێراق ماوەیەكی زۆرە بەدەست پێكهێنانی حكومەتەوە دەناڵێنن، دوای ئەوەی لایەنە دۆڕاوەكان توانیویانە كۆنترۆڵی زۆرینەی براوەكان بكەن."   

بڕیار بوو ئەمڕۆ سەرۆك كۆماری عێراق لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت، هەرچەندە دانیشتنەكە بە ئامادەیی 202 پەرلەمانتار دەستیپێكرد، بەڵام هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار پێویستی بە 220 پەرلەمانتار هەبوو، بۆیە دانیشتنەكە دواخرا بۆ چوارشەممە.

هاوكات مانگی رابردووش دادگای فیدراڵی هۆشیار زێباری لە خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دوورخستەوە.



PM:11:59:26/03/2022