" حکومەتی هەرێم دەتوانێت تا پێش جەژن دوو مووچە دابەش بکات "

پەرلەمانتارێکی کوردستان دەڵێت " حکومەتی هەرێم دەتوانێت پێش جەژن دوو مووچە بدات، ئێستا ٣٠٠ ملیار دینار زیاتر لە مووچە هەیە".

عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتاری گۆڕان لە نووسینێکدا دەڵێت " بەڵگەی ڕون لە بەردەستە کە دەتوانن پێش مانگی ڕەمەزان موچەیەک و پێش جەژنیش موچەی دوەم بدەن".

ئەو پەرلەمانتارە وردەکاری زیاتر دەدات و دەڵێت " موچە( ٦٠٠ ملیۆن )دۆلاری پێویستە، داهاتی نەوت: مانگی پێشو نرخی بەرمیلێک نەوت تێکڕا (٩٧ دۆلار) بوو، داهاتی نەوت کە دراوە بە وەزارەتی دارایی (٤٨٨ ملیۆن دۆلار) بووە، ئەم مانگە تێکڕای نرخی نەوت (١١٧ دۆلارە) بەمەش بەلای کەم داهاتی نەوت دەگاتە( ٥٥٠ ملیۆن دۆلار) دەبێت". 

هەروەها دەشڵێت " داهاتی ناوخۆ: بۆ تەواوکردنی موچە( ٥٠ ملیۆن دۆلار) پێویستە، هەولێر (٢٨.٥ ملیۆن دۆلار)و سلێمانی (٢١.٥ ملیۆن دۆلار).. تەنیا داهاتی خاڵە سنوریەکان( ١٠٠ ملیۆن )دۆلارە.. جگە لە باج و رسومات". 

عەلی حەمە ساڵح لە کۆتایدا دەڵێت "بۆیە سەرباری هەموو گەندەڵی و قاچاخیەکان، ئێستا ٣٠٠ ملیار دینار پارەی زیاتر لە موچە هەیە.. بۆ پرۆژەو خەرجی دیکە".



PM:12:32:27/03/2022